مەسرور بارزانی جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی کوردستان و رووسیا دەکاتەوە

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی رووسیا کرد
سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی رووسیا کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارات راژبادینۆڤ، کونسوڵی گشتیی نوێی رووسیا لە هەرێمی کوردستان کرد. 

بە گوێرەی راگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "لە دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندیی و دۆستایەتی لەمێژینەی نێوان کوردستان و رووسیا کردەوە". 

سەرۆکی حکوومەت، پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی گشتی رووسیا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دەربڕی.

کونسوڵی گشتی رووسیا، خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان نیشان دا و خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.