فیلمی سینەمایی 'دراوسێکان' لە سویسرا نمایش دەکرێت

فیلمی سینەمایی "دراوسێکان"،  لە دەرهێنانی مانۆ خەلیلە، کۆمەڵێک ئەکتەری کورد و عەرەب رۆڵی تێدا دەگێڕن، لە سینەمای زێنیکس لە شاری زیورخی سویسرا نمایش دەکرێت.

یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2026، مانۆ خەلیل، دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم نمایشە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە زیورخدا ئەنجام دەدرێت و دەرفەتێکی دیکەی بۆ ناساندنی سینەمای کوردی و گەیاندنی بەرهەمە کوردییەکان بە بینەرانی دەرەوەی کوردستان دەرەخسێنێت، بەشداریی من لە دانیشتنی دوای نمایشەکەش، رێگە بۆ بینەران خۆش دەکات تا زیاتر لەسەر ناوەڕۆک، پەیام و چیرۆکی فیلمەکە بزانن و راستەوخۆ پرسیار لە من بکەن."

مانۆ خەلیل سەبارەت بە چیرۆکی فیلمەکە گوتی، "فیلمی "دراوسێکان" بەرهەمێکی سینەماییە و چیرۆکی منداڵێکی کوردی شەش ساڵان بە ناوی سێرۆ دەگێڕێتەوە؛ ئەو منداڵەی لە گوندێکی کوردی لە سووریا، لە نزیکی سنووری تورکیا، لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا گەورە دەبێت و لە تەمەنی منداڵیدا، ژیان لەژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی رژێمی حافز ئەسەد و سەرکوتکردنی ناسنامەی کوردی ئەزموون دەکات."

ئەو دەرهێنەرە زیاتر باس لە چیرۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت، "چیرۆکی فیلمەکە لەو کاتەوە قووڵتر دەبێتەوە کە بنەماڵەیەکی جوولەکە دەچێتە ماڵی دراوسێیان و پەیوەندییەکی هاوڕێیانە لەنێوان منداڵی کورد و ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە دروست دەبێت؛ پەیوەندییەک سنوورە ئایینی و کولتوورییەکان تێدەپەڕێنێت و لە هەمان کاتدا، رووی جیاوازییەکانی نێوان ژیانی ئاسایی خەڵک و سیاسەتەکانی دەسەڵات دەخاتەڕوو."

مانۆ خەلیل باسی لەوەش کرد، "فیلمەکە تەنیا چیرۆکی ژیانی منداڵێک نییە، بەڵکو بەشێکە لە بیرەوەرییە ناخۆشەکانی گەلی کورد و ئەو ستەم و سەرکوتکارییانەی لەژێر رژێمی بەعسدا بەسەریدا هاتوون."

سەبارەت قەدەغەکردنی زمانی کوردی لەناو چیرۆکی فیلمەکەدا، مانۆ خەلیل دەڵێت، "سێرۆ لە قوتابخانەدا ناچارە بە زمانی عەرەبی قسە بکات، لە کاتێکدا لە ماڵەوە بە زمانی دایکی، واتە کوردی، قسە دەکات و لەبەر بەکارهێنانی زمانی کوردی رووبەڕووی لێدان و سزا دەبێتەوە. ئەمەش وێنەیەکە لەو سیاسەتانەی کە ناسنامە، زمان و کولتووری کوردیان کردووەتە ئامانج."

مانۆ خەلیل ئەوەشی روونکردەوە، "هەروەها فیلمەکە باس لە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردییەکان، پرۆژەی بەناو پشتێنی عەرەبی و هێنانی خەڵکی عەرەب بۆ نیشتەجێکردنیان لە ناوچەکانی کوردستان دەکات. لە بەشێکی دیکەی فیلمەکەشدا، چیرۆکی جوولەکەکانی سووریا و ئەو بنەماڵانە دەگێڕدرێتەوە کە ناچار بوون ماڵ و موڵکی خۆیان بەجێ بهێڵن و کۆچ بکەن."

مانۆ خەلیل هەروەها لە رێگەی کەسایەتیی مامۆستایەکی عەرەبەوە، کاریگەریی ئایدیۆلۆژیا و دروشمە سیاسییەکان لەسەر پەروەردە و بیرکردنەوەی جیلی نوێ پیشان دەدات؛ مامۆستایەک لە پایتەختەوە دێت و دروشمەکانی وەک نەتەوەی عەرەب یەکە و سووریای ئەسەد بەسەر قوتابییەکاندا دەسەپێنێت."

ئەو دەرهێنەرە باس لە بەشداریکردنی ئەو فیلمە لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان دەکات و دەڵێت،  "فیلمی "دراوسێکان" تا ئێستا بەشداری زیاتر لە 300 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا کردووە و زیاتر لە 70 خەڵاتی بەدەستهێناوە. هەروەها لە چەندین وڵات، لەوانە ئەمریکا، سویسرا، سلۆڤاکیا، کەنەدا، ئیسرائیل، دانیمارک، سوێد و فینلەندا نمایش کراوە و لە بەشێک لەو فێستیڤاڵانەدا خەڵاتی بەدەستهێناوە."

فیلمی سینەمایی کوردی "دراوسێکان"، لە دەرهێنانی مانۆ خەلیلە، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە زیورخی سویسرا، ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2026 نمایش دەکرێت.

مانۆ خەلیل، دەرهێنەری سینەمایی کورد، خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و ئێستا لە سویسرا دەژی. ئەو لە ماوەی چالاکیی هونەریی خۆیدا دەرهێنانی بۆ زیاتر لە 20 فیلم کردووە و بەهۆی بەرهەمە سینەماییەکانییەوە چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.