سلێمانی.. کارگەیەکی شەربەت بەهۆی بەکارهێنانی هەناری خراپبوو داخرا
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، کارگەیەکی دروستکردنی شەربەتی هەناریان لە عەلوەی سلێمانی داخست، بەهۆی ئەوەی هەناری خراپبوو و کەڕووکراوی لە بەرهەمهێناندا بەکارهێناوە و بەرهەمە خراپبووەکانی خستووەتە بازاڕەوە.
بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە کاتی بەسەرکردنەوە و پشکنینی کارگەکە لە عەلوەی سلێمانی، لیژنەکانمان بۆیان دەرکەوت کە خاوەنی کارگەکە بۆ دروستکردنی شەربەتی هەنار، هەناری خراپبوو و کەڕووکراوی بەکاردەهێنێت".
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم کارە پێچەوانەی رێنماییە تەندروستییەکانە و زیان بە تەندروستی هاووڵاتییان دەگەیەنێت.
بابان ئەحمەد جەختی کردەوە، دوای دڵنیابوونەوە لە سەرپێچییەکە، دەستبەجێ بڕیاری داخستنی کارگەکە دراوە و دەست بەسەر تەواوی ئەو هەنارە خراپبووانە و ئەو شەربەتەشدا گیراوە کە بەرهەم هێنرابوو، هەروەها خاوەنەکەشی رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.


