کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەسەر دەستپێکردنەوەی کارەکانی کۆرمۆر دەکرێت

کێڵگەی گازی کۆرمۆر
کێڵگەی گازی کۆرمۆر

لە دوو رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیی گرنگ دەربارەی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2026، بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە دوو رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیی گرنگ لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای دانەگازدا بەڕێوەدەچێت، بە ئامانجی تاوتوێکردنی رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر.

سەرچاوەیەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر پەیوەستە بە وەرگرتنی رەزامەندیی ئەمنی بۆ کۆمپانیای دانەگاز تا بتوانێت کارەکانی دەست پێ بکاتەوە.

 تا ئێستاش ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە فەرمی ئاشکرا نەکراون. بەپێی زانیارییەکان، پێشتر لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کرابوو، بەڵام عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕوای بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی یەکەم نەبووە و لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی پێی گەیشتبوون، فەرمانی کردبوو دووبارە لێکۆڵینەوە بکرێتەوە. هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێستا لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان پێ هاتووە، بەڵام ئەنجامەکانیان هێشتا رانەگەیەنراون.

شەوی یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2026، لە رێگەی درۆنەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری شارەدێی قادرکەرەمی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. 

بەهۆی هێرشەکەوە کە بەشی بەرهەمهێنان و کۆگاکردنی گازی شلی کردە ئامانج، ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و بەرهەمهێنانی گاز بە یەکجاری راگیرا، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی لێ بکەوێتەوە. ئەو وەستانە بووە هۆی کەمبوونەوەی دوو هەزار و 500 بۆ دوو هەزار و 800 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان و دابەزینی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە پێنج بۆ شەش کاتژمێر لە رۆژێکدا.

دوای هێرشەکە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەرکرد و دواتریش پێداگریی لەسەر خێراکردنی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی کرد. لە 14ی هەمان مانگدا، کۆمپانیای دانەگاز لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە دا، زیانێکی گەورە بەر کێڵگەکە کەوتووە و لەو کاتەدا نەدەتوانرا هیچ بڕە گازێک بەرهەم بهێنرێت، دواتریش لە 16ی تشرینی دووەمدا بەهۆی تێپەڕبوونی درۆنێکەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کێڵگەکە لێ درا.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ساڵی 2007 دامەزراوە و لە تشرینی یەکەمی 2008ـەوە دەست بە بەرهەمهێنانی گاز کراوە تێیدا، کە لەلایەن هاوبەشیی "پێرڵ پترۆلیۆم" بە بەشداریی کۆمپانیاکانی دانەگاز و نەوتی هیلال بەڕێوەدەبرێت. کێڵگەکە بە یەدەگی خەمڵێنراوی یەک ترلیۆن و 800 ملیار پێ سێجا، نزیکەی 67%ـی پێداویستیی کارەبای هەرێمی کوردستان بە بڕی سێ هەزار و 700 مێگاوات دابین دەکات و لە تشرینی یەکەمی 2025ـیشدا بە بەکۆتاییهێنانی پڕۆژەی "کۆرمۆر 250"، توانای بەرهەمهێنانی بە رێژەی 50% بۆ 750 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە بەرز کرابووەوە، هەرچەندە لە ساڵانی رابردووشدا چەند جارێکی دیکە رووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بووەتەوە.