ئەڵمانیا.. پێشانگەی ساڵانەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هونەرە جوانەکانی عەفرین کرایەوە
پێشانگەی ساڵانەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هونەرە جوانەکانی عەفرین، بەبەشداریی 14 هونەرمەند لە بواری هونەرە جوانەکان، لە شاری گێڵزەنکیرشن لە ئەڵمانیا کرایەوە.
یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2026، ئەحمەد قەلیج، هونەرمەندی بەشداربووی پێشانگەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "گرنگیی ئەم پێشانگەیە تەنیا لە نمایشکردنی تابلۆ و بەرهەمە هونەرییەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکوو لەو دەرفەتەشدا خۆی دەبینێتەوە کە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بیرۆکە و دروستکردنی پەیوەندیی نوێ لەنێوان هونەرمەندان رەخساوە. پێم وایە هونەر یەکێکە لە گرنگترین زمانە هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی، دەتوانێت بەبێ سنووری زمان و نەتەوە، هەست و بیرۆکە و پەیامی هونەرمەند بگەیەنێتە بینەر."
ئەحمەد قەلیج سەبارەت بە تایبەتمەندیی تابلۆکان گوتی، "هەر تابلۆیەک بە زمانی رەنگ و هێڵ و شێوەی خۆی قسە دەکات و پەیامێکی تایبەت لەخۆ دەگرێت. بۆیە بینینی بەرهەمەکانی هونەرمەندانی جیاواز لە یەک شوێندا، تەنیا بینینی تابلۆ نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ ناسینی شێوازی بیرکردنەوە و ئەزموونی هونەریی ئەوان و تێگەیشتن لە جیاوازییەکانی داهێنان."
سەبارەت بە ئامانجە سەرەکییەکانی پێشانگەکە، ئەحمەد قەلیج دەڵێت، "یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم پێشانگەیە بەهێزکردنی دیالۆگی نێوان هونەرمەندان و کۆمەڵگەیە، چونکە پێویستە هونەر لە چوارچێوەی شوێنی تایبەتی خۆیدا نەوەستێت، بەڵکو بگاتە کۆمەڵگە و ببێتە هۆی دروستکردنی پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان هونەرمەند و بینەردا. ئامادەبوونی سەردانکەران و بینەرانی پێشانگەکەش دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی بەرهەمەکان زیاتر بناسرێن و گفتوگۆ لەسەر جیهانی هونەر و شێوازە جیاوازەکانی داهێنان بکرێت."
ئەو شێوەکارە باسی لەوەش کرد، "پێم وایە ئەم جۆرە چالاکییانە رۆڵێکی گرنگ لە دەوڵەمەندکردنی کۆمەڵگەی هونەریدا دەگێڕن، چونکە هونەرمەندان لە رێگەی ئەم پێشانگەیانەوە دەتوانن لە ئەزموونی یەکتر سوودمەند بن و پەیوەندییەکی بەردەوام لەنێوان خۆیاندا دروست بکەن. هەروەها ئەم بۆشاییانە یارمەتیدەرن بۆ پشتگیریکردنی داهێنەرانی نوێ و فراوانکردنی دەرفەتەکانی پیشاندانی بەرهەمە هونەرییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا."
ئەحمەد قەلیج گوتیشی، "لە راستیدا هونەر سنووری جوگرافیایی و کولتووری ناناسێت؛ بەڵکو پردێکە بۆ نزیککردنەوەی مرۆڤەکان و ناساندنی کولتوور و ناسنامەی گەلان. کاتێک هونەرمەندان لە نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکانەوە لە شوێنێکی هاوبەشدا کۆدەبنەوە، دەرفەتێکی نوێ بۆ تێگەیشتن و رێزگرتن لە جیاوازییەکان دروست دەبێت."
ئەحمەد قەلیج باس لە بەردەوامبوونی ئەو پێشانگەیە لە ساڵانی داهاتووش دەکات و دەڵێت، "هیوادارین ئەم فێستیڤاڵە و پێشانگە ساڵانەکەی بەردەوام بن و لە ساڵانی داهاتووشدا فراوانتر ببن، چونکە پێویستە هونەرمەندان زیاتر دەرفەتی ئەوەیان هەبێت بەرهەمەکانیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نمایش بکەن و لە رێگەی هونەرەوە پەیوەندییەکی بەهێزتر لەنێوان کولتوور و کۆمەڵگە جیاوازەکاندا دروست بکەن."
هونەرمەندانی بەشداربووی پێشانگەکە بریتی بوون لە، ئەحمەد حەداد، ئەحمەد قەلیج، ئاڤان فەتاح، ئێدو ئەلحوسێن، سەعید ئیسماعیل، هانا فان ئەلفن، هاسکۆ هاسکۆ، جانکیمان عومەر، نەسرین مەحمود، نیاز بەیاتی، ساڵح نیمەر، ڤۆڵفگانگ ئایشنەر، یەحیا ئەلسێلۆ و یوسف بەکر.