دوای زیاتر لە شەش دەیە، تیرۆرکردنی کەنەدی هێشتا جێی مشتومڕە
63 ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی 35ـەمین سەرۆکی ئەمریکادا تێدەپەڕێت؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش دەیە، هێشتا رووداوەکە بابەتی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆی مێژووییە لە ئەمریکا و جیهاندا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2026، 63 ساڵ بەسەر یەکێک لە ناسراوترین تیرۆرە مێژووییەکانی ئەمریکادا تێدەپەڕێت، کاتێک جۆن ئێف کەنەدی، 35ـەمین سەرۆکی ئەمریکا لە شاری دالاسی ویلایەتی تێکساس تیرۆر کرا.
لە رۆژی هەینی، 22ی تشرینی دووەمی 1963ـدا، کەنەدی لە کاتێکدا لە ناو کاروانی ئۆتۆمبێلی سەرۆکایەتیدا بوو لەگەڵ جاکلین کەنەدی، هاوسەری، لەلایەن چەکدارێکەوە بە گوللـە پێکرا و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
دوای رووداوەکە، لی هارڤی ئۆزواڵد وەک گومانلێکراوی سەرەکی دەستگیر کرا، بەڵام دوو رۆژ دواتر و پێش ئەوەی دادگایی بکرێت، لە کاتی گواستنەوەیدا لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی "جاک رووبی" تەقەی لێ کرا و کوژرا، ئەو رووداوەش پرسیار و گومانەکانی دەربارەی تیرۆرکردنەکەی کەنەدی زیاتر کرد.
کوژرانی کەنەدی لە تەمەنی 46 ساڵیدا بووە یەکێک لە خاڵە دیارەکانی وەرچەرخان لە مێژووی ئەمریکادا، بەتایبەت لە سەردەمێکدا جیهان لە ژێر کاریگەریی شەڕی سارد و ململانێی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتدا بوو.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش دەیە، تیرۆرکردنی کەنەدی هێشتا بابەتی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆی مێژووییە و توێژەران و خەڵک بەردەوام چاویان لەسەر ناوەڕۆکی بەڵگەنامە نهێنییەکانی پەیوەست بە رووداوەکەیە کە دەکرێت گۆڕانکاری بەسەر تێڕوانینی گشتیدا بهێنن.
جۆن کەنەدی لە 29ی ئایاری 1917 لەدایک بووە و لە 20ی کانوونی دووەمی 1961 وەک گەنجترین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە تەمەنی 43 ساڵیدا دەستبەکار بوو، بەڵام کەمتر لە سێ ساڵ لە کۆشکی سپی مایەوە. بە کوژرانی لە دالاس کە جۆن کۆنالی، پارێزگاری ئەوکاتی تێکساسیش لە هەمان ئۆتۆمبێلدا بریندار بوو، کەنەدی بووە چوارەم سەرۆکی ئەمریکا تیرۆر بکرێت و هەشتەم سەرۆکیش لە کاتی ئەرکدا گیان لەدەست بدات.
دوای رووداوەکە، لە ساڵی 1964 "کۆمیسیۆنی وارن" لە راپۆرتی فەرمیدا رایگەیاند، ئۆزواڵد بە تەنیا و بێ هاوبەش تەقەی لە کەنەدی کردووە، بەڵام لە ساڵی 1979 تیمێکی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا، ئەگەری بوونی پیلانگێڕی لە پشت تیرۆرەکەوە هەیە، ئەمەش ناکۆکی و گومانەکانی لە ناو کۆمەڵگەی ئەمریکیدا قووڵتر کردەوە.
لە ساڵی 1992 کۆنگرێسی ئەمریکا یاسای کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکانی تیرۆرکردنی کەنەدیی پەسەند کرد کە زیاتر لە پێنج ملیۆن لاپەڕە لەخۆدەگرێت. تا کۆتایی ساڵی 2022 زیاتر لە 97%ـی بەڵگەنامەکان ئاشکرا کران و جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا زیاتر لە 13 هەزار بەڵگەنامەی دیکەی بڵاو کردەوە.
لە نوێترین پێشهاتیشدا، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 23ی کانوونی دووەمی 2025 فەرمانی سەرۆکایەتیی ژمارە 14176ـی بۆ ئاشکراکردنی تێکڕای دۆسیە نهێنییەکان واژۆ کرد، ئەرشیفی نیشتمانیی ئەمریکا لە 18ی ئاداری 2025 زیاتر لە 63 هەزار لاپەڕەی دیکە و دوو هەزار و 400 بەڵگەنامەی نوێی "ئێف بی ئایی" بەبێ سانسۆر بڵاو کردەوە.