قالیباف داوای دەرچوون لە دۆخی نە جەنگ و نە ئاشتی دەکات

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران داوای دەرچوونی لە دۆخی نە جەنگ و نە ئاشتی کرد و هۆشداریی لە بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا دا، هاوکات دووپاتی کردەوە کە گەیشتن بە بەرپەرچدانەوەی بەردەوام رێگەی دوورخستنەوەی مەترسیی جەنگە لە وڵاتەکەی.

یەکشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رەخنەی لە بەسیاسیکردنی گفتوگۆکان لەبارەی بژاردەکانی ئێرانەوە گرت، کە تێیدا ئەوەی باسی دانوستان دەکات بە سستی و پاشەکشە تۆمەتبار دەکرێت و ئەوەشی باسی جەنگ دەکات بە جەنگخواز و دوور لە لۆژیک ناو دەبرێت، و پێی وا بوو بەردەوامبوونی ئەم مشتومڕە هیچ دەرچەیەک لە دۆخی ئێستا ناڕەخسێنێت.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی: تەنیا یەک رێگەمان لە پێشە، ئەویش ئەوەیە هەڕەشە لە خۆمان دوور بخەینەوە و سێبەری جەنگ لەسەر خۆمان لابەرین، گوتیشی ئەوە تەنیا بە گەیشتن بە بەرپەرچدانەوەی بەردەوام دێتە دی.

قالیباف باسی لەوەش کرد، ئەوەی بە دوژمن ناوی برد، ئێستا تێگەیشتووە هەڵگیرساندنی جەنگێکی هاوشێوەی جەنگی چل رۆژە ئامانجەکانی ناهێنێتە دی، بۆیە رووی لە دابڕاندنی ئابووری و رێکاری دیکە کردووە. هەروەها نەیارانی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی سەرنجیان لەسەر تێکدانی ئاسایشی ناوخۆیی وڵاتەکە چڕ کردووەتەوە و گوتی، کاری لەپێشینەیان بووەتە هەوڵدان بۆ ڕووخانی سیستەم لە ناوەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی دۆخی ئابوورییەوە، قالیباف چاکسازیی کەرتی وزەی بە بەپەلەترین دۆسیە ناو برد و داوای کرد پێشینە بدرێتە کەرتی گاز و چارەسەرکردنی دۆسیەی بەنزین دوابخرێت. بە گوێرەی ئەو ژمارانەی ناوبراو خستوونیەتە روو، بەنزین 9%ـی کۆی وزە پێک دەهێنێت بەرامبەر 73% بۆ گاز، و گوتیشی گرنگیدان بە گاز دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هاووڵاتییان و حکوومەت و بەهێزکردنی ئاسایشی ئابووری و خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی.