ئایزینکۆت و ناتانیاهۆ لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی ئیسرائیل نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک

تیمی بنیامین ناتانیاهۆ و تیمی گادی ئایزینکۆت، کە ئەرکی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی ئیسرائیلی پێسپێردراوە، گەڕێکی نوێی دانوستانەکانیان لەبارەی ئەگەری پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی حکوومی کۆتایی پێهێنا، بەبێ ئەوەی بگەنە هیچ رێککەوتنێک، کە پێویستی بە سازشی گەورە لەلایەن هەردوولاوە هەیە.

دوای نزیکەی 4 کاتژمێر گفتوگۆ لە هۆتێلێک لە هێرتسڵیا لە نزیک تەلئەڤیڤ، کۆبوونەوەی نێوان شاندێکی پارتی یەشار بە سەرۆکایەتیی ئایزینکۆت و شاندێکی پارتی لیکود بە سەرۆکایەتیی ناتانیاهۆ کۆتایی هات، ئەمەش دوای هەفتەیەک لە سازکردنی یەکەم کۆبوونەوەی نێوانیان بوو.

لە راگەیەندراوێکی هاوبەشی کورتدا، هەردوولا رایانگەیاند: "هەڵوێستی هەردوو پارتەکە سەبارەت بە زنجیرەیەک پرسی بنەڕەتی خرایەڕوو و بوونە جێگەی گفتوگۆی قووڵ." بەیاننامەکە تەنیا ئاماژەی بە کۆبوونەوەیەکی داهاتوو کرد بێ ئەوەی کاتەکەی دیاری بکات، هەروەها هیچ ئاماژەیەکی لێکنزیکبوونەوەی ئەگەریشی لەخۆ نەگرتبوو.

ئایزینکۆت، سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، تا 6ـی کانوونی یەکەم مۆڵەتی هەیە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، کە دەکرێت بۆ 14 رۆژی دیکەش درێژ بکرێتەوە. ئەم وادەیەش دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانیی کۆتایی تشرینی یەکەم دێت، تێیدا هیچ کام لە لایەنەکان زۆرینەی رەهایان بەدەست نەهێنا.

سەرەڕای ئەوەی تیمی ئایزینکۆت 48 کورسی لە کۆی 120 کورسیی پەرلەمانی ئیسرائیلی هەیە و زۆرینەی رەها پێویستی بە 61 کورسییە، بەڵام ئەم تیمە هێشتا سەبارەت بەو ستراتیژییەی پێویستە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی بگرنەبەر، دابەش بوون. بژاردەکانیش لەنێوان هاوپەیمانی لەگەڵ پارتە ئایینییە توندڕەوەکان (حەریدیم)، لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ پارتە عەرەبییەکان، یان پێکهێنانی حکوومەتی یەکێتیی نیشتمانی لەگەڵ پارتی لیکوددان.

شەممەی رابردوو، پارتی یەشار ئەم گفتوگۆیانەی بە "پابەندبوونێکی راستەقینە بۆ پێکهێنانی فراوانترین حکوومەتی ئەگەری" وەسفکرد. هاوکات ئایزینکۆت داوای لە نوێنەرانی کردبوو هەموو بژاردە و ئەگەرە کراوەکان تاوتوێ بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، پارتی لیکود چەند مەرجێکی بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی یەکێتیی نیشتمانیدا دیاریکرد؛ ئەو شێوازەی ناتانیاهۆ  پاڵپشتیی لێدەکات و لە شەڕێکدایە بۆ مسۆگەرکردنی داهاتووی سیاسیی خۆی.

پارتی لیکود بەتایبەت داوای راگرتنی "سەرجەم هێرشە کەسییەکان و هاندانی رق" دەکات کە ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر و حکوومەتەکەی کراوە، هاوکات داوای پابەندبوون دەکات بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی حکوومی کە "هەموو ئەو پارتانە بگرێتەوە کە پاڵپشتی لە بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەن وەک دەوڵەتی نەتەوەیی گەلی جوولەکە"، بە مەرجی دوورخستنەوەی پارتە عەرەبییەکان لە بەشداریکردن.

پارتە عەرەبییەکان، کە لە هەڵبژاردندا 19 کورسییان بەدەستهێنا، رووبەڕووی هێرشی رێکخراوی ناتانیاهۆ و هاوپەیمانەکانی دەبنەوە، بەتایبەت کە هەوڵی پەراوێزخستنیان دەدرێت. هاوکات پارتی لیکود لە گفتوگۆکانیدا سەرنج دەخاتە سەر چەند خاڵێکی سیاسی، دیارترینیان رەتکردنەوەی پێکهێنانی دەوڵەتی فەڵەستین، هێشتنەوەی کۆنترۆڵی ئیسرائیل لە بەشێک لە سووریا، لوبنان و کەرتی غەزە، لەگەڵ گەیشتن بە رێککەوتنێک سەبارەت بە سەربازکردنی جووە توندڕەوەکان (حەریدیم)، کە پرسێکی زۆر هەستیارە لە ئیسرائیلدا.

یەکێک لە سیناریۆ ئەگەرییەکان، پێکهێنانی حکوومەتی یەکێتیی نیشتمانییە کە پشت بە دەستاودەستکردنی پۆستی سەرۆکوەزیران لەنێوان ئایزینکۆت و ناتانیاهۆ دا دەبەستێت، کە شێوازێکە پێشتریش لە ئیسرائیل جێبەجێ کراوە. رێککەوتنێکی لەم شێوەیە، پارێزبەندیی سیاسی بۆ ناتانیاهۆ دابین دەکات، بەتایبەت کە ئێستا رووبەڕووی تۆمەتی گەندەڵی بووەتەوە.

سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر دژی پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆیە بۆ بەدواداچوونی کەموکوڕییە ئەمنییەکان لە کاتی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023. ئەمە لە کاتێکدایە ئایزینکۆت لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، سەرنجی خستبووە سەر رەتکردنەوەی مانەوەی ناتانیاهۆ لە دەسەڵاتدا و بەشداریکردن لە هاوپەیمانییەکی بە سەرۆکایەتیی ئەو سەرۆکوەزیرانە رەتیکردبووەوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا شەممەی رابردوو، نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل دووپاتیکردەوە، بە هیچ مەرجێک ناچێتە ناو هاوپەیمانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ یان تەکەتولەکەی.

هەینیی رابردوو، ئایزینکۆت هۆشداریدا لەوەی رێگە نادات دانوستانەکان درێژە بکێشن. جەختیکردەوە ئەگەر پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا نەیەتە کایەوە، "نیازی وایە حکوومەتێکی فریاگوزاریی نیشتمانی پێکبهێنێت و دواتر هەوڵ دەدات فراوانی بکات، چ پێش سوێندخواردنی دەستووری لە پەرلەمان یان دوای ئەوە".

حکوومەتێکی کەمینە بە سەرۆکایەتیی ئایزینکۆت دەکرێت پاڵپشتیی دەرەکی لە پەرلەمانتارە عەرەبەکانی سەر بە "لیستی عەرەبیی یەکگرتوو" (راعەم) و "لیستی هاوبەش" بەدەست بهێنێت. لە بەرامبەردا ئاڤیگدۆر لیبێرمانی نەتەوەیی، کە هاوپەیمانی ئایزینکۆتە، دژی ئەم بژاردەیەیە و داوای هاوپەیمانی لەگەڵ هەردوو پارتی ئایینیی شاس و یەهودوت هتۆرا دەکات.