کابینەی تورکیا پرسی مووچە و ئاشتی تاوتوێ دەکات
کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە بێشتەپەی ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی، چاکسازیی زیاتر لە مووچەی خانەنشینان، دانوستانەکانی دیاریکردنی کەمترین ئاستی مووچەی کرێکاران بۆ ساڵی 2027 و دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە سندووقەکانی وەبەرهێنان تاوتوێ دەکرێن.
لە تەوەرە ئابوورییەکاندا، ئەگەری رێکخستنەوەی مووچەی خانەنشینان، ئامادەکارییەکان بۆ دیاریکردنی کەمترین مووچەی کرێکاران بۆ ساڵی 2027 و لێکۆڵینەوە لە کەیسی ساختەکاری و دەستکاریکردنی بازاڕەکانی سەرمایە لە باسە سەرەکییەکان دەبن.
سەبارەت بە مووچەی خانەنشینان، چاوەڕوان دەکرێت لە پاڵ ئەو زیادکردنە یاساییەی بڕیارە لە کانوونی دووەمی 2027 جێبەجێ بکرێت، چاکسازیی زیاتریش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی داهاتی خانەنشینان تاوتوێ بکرێن. هاوکات تیمە ئابوورییەکان هەڵسەنگاندنەکانی خۆیان سەبارەت بە پرۆسەی دیاریکردنی کەمترین مووچەی کرێکاران دەخەنە روو.
لەلایەکی دیکەوە، دوایین قۆناخی لێکۆڵینەوە لەو سندووقانەی وەبەرهێنان تاوتوێ دەکرێت کە تۆمەتی ساختەکاری و دەستکاریکردنیان ئاراستە کراوە. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت رێوشوێنە گیراوەبەرەکان و هەوڵەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی وەبەرهێنەران هەڵسەنگێندرێن.
لە تەوەرە ئەمنییەکانیشدا، کابینەی حکوومەت دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و ئەو هەنگاوانە تاوتوێ دەکات کە لەو چوارچێوەیەدا نراون.