ئاوارەکانی جورف سەخر: حزبوڵڵا رێگری لە گەڕانەوەمان بۆ زێدی خۆمان دەکات

نزیکەی 1,600 خێزانی ئاوارەی جورف سەخر، لە ساڵی 2014ـەوە لە کەمپی بزێبز لە گوندێکی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار نیشتەجێن. دوای کردنەوەی دەروازەکانی ناوچەکەیان، داوا دەکەن بە زووترین کات ئاسانکارییان بۆ بکرێت تاوەکو بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و کۆتایی بە ژیانی ئاوارەیی و دەربەدەری بهێنن.

ئەو ئاوارانە زیاتر لە 12 ساڵە لەژێر رەشماڵی دڕاودا، لەنێوان هەژاری، سەرما و نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیاندا دەژین، بەڵام هێشتا ئومێدی گەڕانەوە لە دڵیاندا ماوە؛ بەتایبەت ئەو منداڵانەی لەناو کەمپەکەدا چاویان بە دونیا هەڵهێناوە و بێجگە لە خۆڵ، چادر و بێبەشی، هیچ وێنەیەکی دیکەی ژیانیان نەبینیوە. ئەوان چیتر داوای هاوکاریی کاتی ناکەن، بەڵکو داوای کۆتاییهێنان بەم مۆتەکەیە دەکەن تاوەکو بە شکۆمەندییەوە بگەڕێنەوە سەر خاکی باوباپیرانیان.

پاش چوونەژوورەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناوچەی جورف سەخر، چەکدارانی حزبوڵڵا لە ناوچەکەدا پێداگری لەسەر مانەوە دەکەن و رایدەگەیەنن، رێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان نادەن، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی دەستیان لەگەڵ تیرۆریستاندا تێکەڵە.

لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەدا، شێخ سەباح دەحل، سەرۆکی هۆزی عیساوی رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان بەردەوام وردبینیی ئەمنییان بۆ ئاوارەکان کردووە، بۆیە تەواوی ئەو تۆمەتانەی لەلایەن چەکدارانی حزبوڵڵاوە ئاراستەیان دەکرێت، رەت دەکەنەوە.

زیاتر لە 12 ساڵە 10,000 خێزانی جورفولسەخر کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 100,000 کەس، لە پارێزگای ئەنبار و شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەن. هاوکات حکوومەتی عێراق رایگەیاند، دۆخی ناوچەکە سەقامگیر دەکەن و دوای پاککردنەوەی لە پاشماوەکانی جەنگ، رێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەدرێت.