ئەمڕۆ کاتی ناردنی گازی شلی ماڵان بۆ کوردستان دیاری دەکرێت
بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایدەگەیەنێت، هەموو رێکارە کارگێڕییەکان بۆ ناردنی گازی شلی ماڵان لە بەغداوە تەواو بوون و بڕیارە ئەمڕۆ کاتی ناردنی گازەکە دیاری بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2026، فەلاح سەیید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو رێکارەکانی گواستنەوە و کارگێڕییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ ناردنی گازی شلی ماڵان لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان تەواو بوون و چاوەڕێی بەغدان.
فەلاح سەیید مەولوود گوتی، "رۆژانە سەبارەت بەم پرسە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە پەیوەندیداین. بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری نەوتی عێراق کاتی ناردنی گازەکە یەکلایی بکاتەوە. ئەگەر فەرمانی بە خوارەوەی خۆی کرد گازەکە بنێرن، دەستبەجێ دەست بە بارکردنی دەکرێت و رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت". روونیشی کردەوە، گازەکە بە چەند کاروانێک رەوانە دەکرێت.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراق دواخراوە، چونکە نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی گازەکەی بۆ هەرێمی کوردستان داوە و هەموو رێکارەکانیش تەواو بوون.
فەلاح سەیید مەولوود روونیشی کردەوە، وەک هەرێمی کوردستان داوای 760 تۆن گازی شلیان بۆ هەر چوار پارێزگاکە کردووە (هەولێر 300 تۆن، سلێمانی و هەڵەبجە 260 تۆن و دهۆکیش 200 تۆن)، بەڵام پێدەچێت بەغدا پێداچوونەوە بە بڕی بەردەستی خۆیدا بکات. گوتیشی، "هەر بڕێک بگات باشە و کێشەمان نییە، لەبەر ئەوەی بڕی کۆگاکراومان لە بەڕێوەبەرایەتییەکان هەیە، بەڵام چەند زیاتر بێت باشترە".
بە گوتەی ئەو، ئەگەر بۆ نموونە لە جیاتی 760 تۆن، تەنیا 500 تۆن بنێردرێت، ئەو کاتە دابەشکارییەکە بە نزیکەیی بەم شێوەیە دەبێت، پشکی هەولێر دەبێتە 200 تۆن لە کاتێکدا داوای 300 تۆنی کردووە، پشکی سلێمانی دەبێتە 180 تۆن و 120 تۆنیش بۆ دهۆک دەمێنێتەوە.
سەبارەت بە دۆخی کێڵگەی گازی کۆرمۆر و یەدەگی گازی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکان گوتی، "بەپێی ئەو زانیارییانەی بە من گەیشتووە، تا هەفتەیەکی دیکەش بەرهەمهێنان لە کۆرمۆر دەست پێ ناکاتەوە، لەبەر ئەوەی چاکسازییەکەی هێشتا کاتی دەوێت". لە بارەی یەدەگی گازی شلیشەوە رایگەیاند، یەدەگی پێویست لە کۆگاکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و دەتوانن دۆخەکە تێپەڕێنن تاکوو دەگاتە ئەو قۆناخەی کێڵگەی کۆرمۆر دەست بە کار بکاتەوە یان گاز لە بەغداوە بگات.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، شەوی 8ی تشرینی دووەمی 2026، لە رێگەی دڕۆنەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە شارەدێی قادرکەرەمی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ و بەو هۆیەوە بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە راگیرا و بەرهەمهێنانی کارەباش بە بڕی 2,500 تاکوو 2,800 مێگاوات کەم بووەوە.
رۆژێک دواتر، لە 9ی تشرینی دووەمی 2026، لەسەر داوای وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رەزامەندیی دەربڕی و وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی راسپارد بڕی پێویستی گازی شل بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات تاکوو کۆرمۆر دەکەوێتەوە کار.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە تشرینی یەکەمی 2008ـەوە دەست بە بەرهەمهێنانی گاز کراوە تێیدا، لە لایەن کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتییەوە وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت و رێژەی 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان و سەرچاوەی سەرەکیی کارگەکانی گازی شلی ماڵان دابین دەکات.
کێڵگەکە پێشتریش چەندین جار کراوەتە ئامانجی هێرشەکان، لەوانە هێرشە دڕۆنییەکانی 26ی نیسانی 2024 و 26ی تشرینی دووەمی 2025، هەروەها لە ساڵی 2026ـیشدا لە رۆژانی 28ی شوبات و 16ی تەممووزدا بەهۆی گرژییە ناوچەییەکانەوە بە شێوەیەکی کاتی وەک رێکارێکی خۆپارێزی کارکردن تێیدا راگیرابوو.