کارگەی کولتووری سلێمانی مەترسی نەمانی لەسەرە و هونەرمەندانیش نیگەرانن
هەوڵەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئێستای کارگەی کولتووری سلێمانی و پێدانی بە رێکخراوێکی دیکە بۆ ماوەی 49 ساڵ، ناڕەزایەتیی هونەرمەندان و دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی لێ دەکەوێتەوە و بە مەترسیی بۆ سەر ناسنامە مێژووییەکەی شارەکە ناوی دەبەن.
کارگەی کولتووری سلێمانی کە جاران کارگەی جگەرە بوو، مەترسیی گۆڕینی ئاراستە و پێدانی بە رێکخراوێکی دیکەی لەسەرە؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی، ماوەی چەند مانگێکە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و خودی خۆی، گوشاریان خستووەتە سەر ئەو رێکخراوەی ئێستا شوێنەکە بەڕێوەدەبات تاکو گرێبەستەکەی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری هەڵبوەشێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا چەند ساڵێکی ماوە کۆتایی بێت.
دەستەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ئامانج لەم هەنگاوە ئەوەیە شوێنەکە بە گرێبەستێکی موساتەحەی 49 ساڵە و بە ناوی رێکخراوی "فاوندەیشن"ـەوە لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیریدا واژۆ بکرێت.
کارگەی کولتوور وەک یەکێک لە ناسنامە مێژوویی و دیارەکانی سلێمانی دادەنرێت، بەڵام ئێستا ویستێک هەیە بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستای. ئەو هونەرمەندانەی رۆژانە چەندین کاتژمێر لەوێ کار دەکەن و برەو بە بوارە جیاوازەکانی کولتوور دەدەن و هاوکات بژێویی ژیانیان پەیدا دەکەن، دژی ئەم بڕیارەن و رەتی دەکەنەوە کارگەکە بۆ هیچ پڕۆژەیەکی دیکە تەرخان بکرێت.
فاروق رەحمان، پەیکەرتاش، لەبارەی مەترسیی دەرکردنیان لەو شوێنە گوتی: "نەک تەنیا هونەرمەند، لانەی هەر بوونەوەرێک تێکبدەیت ئاوارە و دەربەدەر دەبێت و ژیانی نامێنێت. ئێمەی هونەرمەندان لێرە هەریەکە و شوێنێکی تایبەت بە خۆی هەیە و کاری هونەریی تێدا دەکات، ئەگەر لێرە دەربکرێین بۆ کوێ بچین؟ ژیانی هونەریمان بە تەواوی دەوەستێت، بۆیە پێمان ناخۆشە و دەمانەوێت ئەم شوێنە تا هەتایە و بۆ نەوەکانی داهاتووشمان بمێنێتەوە."
کارگەی کولتوور لە ساڵی 2019ـەوە لە وەزارەتی پیشەسازی وەرگیراوەتەوە و خراوەتە سەر وەزارەتی رۆشنبیری. بەگوێرەی گرێبەستێکی 15 ساڵەش کە لەگەڵ رێکخراوی "کولتوور و گەشەپێدانی بەردەوام" واژۆ کراوە، کارگەی کولتووری تێدا دامەزرێنراوە. دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی داوا دەکات داواکاری گشتی، وەزارەتی رۆشنبیری و هاووڵاتییانی شارەکە لە بەرامبەر ئەم هەوڵەدا بێدەنگ نەبن.
کارزان فازڵ، ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەگەر ئەم شوێنە بدرێتە رێکخراوێک و لە موڵکی گشتی دەربچێت، دیار نییە چیی لێ دەکرێت؛ بەتایبەت کە باس لە گرێبەستی نزیکەی 50 ساڵ دەکرێت. بێگومان ئەو لایەنەی وەریدەگرێت بەخۆڕایی وەریناگرێت و بیر لە وەبەرهێنان دەکاتەوە تێیدا. بەداخەوە پێشتر ترسمان لەسەر شاخ و ژینگەی سلێمانی هەبوو، کەچی ئێستا دەست بۆ ئەو شوێنە مێژووییانەش دەبرێت کە بە دەستی خەڵکی ئەم شارە دروست کراون."
رووبەری زەویی کارگەی کولتوور نزیکەی 25 دۆنمە و ئێستا زیاتر لە 50 پڕۆژەی کولتووری تێدا بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا سەدان هونەرمەندی بەئەزموون و گەنج، زۆربەیان بە شێوەی خۆبەخشانە لە بوارە جیاجیاکاندا چالاکی دەکەن، هاوکات چەندین فەرمانگەی حکومیش لە ناو کارگەکەدا رۆژانە مامەڵەی هاووڵاتییان رایی دەکەن.
پانتاییەکانی شار، چ سروشتی بن یاخود کولتووری، تەنیا پارچە زەوی و بینایەکی ئاسایی نین، بەڵکو بەشێکن لە ناسنامەی شار؛ کارگەی کولتووریش بەشێکە لە ناسنامەی سلێمانی، بۆیە هەر گۆڕانکارییەکی نادروست تێیدا، بە زیان بۆ سەر مێژوو و کولتووری شارەکە لێکدەدرێتەوە.