زەیدی: دەستبەرداری سیاسەتی هاوسەنگی نابین و رووبەڕووی گەندەڵی دەبینەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق پابەندە بە چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و نەهێشتنی چەک لە دەرەوەی دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکان، هاوکات داوای لە ئێران و ئەمەریکا کرد بە رێگەی ئاشتییانە ململانێکەی نێوانیان چارەسەر بکەن.
دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026 عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا لە بارەگای کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە رایگەیاند، عێراق دەستبەرداری سیاسەتی هاوسەنگی و رەچاوکردنی بەرژەوەندییە دوولایەنەکان نابێت، باسی لەوەش کرد کە پەیامی عێراق هەمیشە وەستانە لەگەڵ هەوڵە عەرەبییەکان و لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکە و جیهاندا پشتیان بە کۆمەڵێک بنەما بەستووە وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.
لەبارەی ئاسایش و چاکسازیی ناوخۆییەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: پابەند بووین بە چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و جێبەجێکردنی یاسا و ئەوەی هیچ چەکێک لە دەرەوەی دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکان نەبێت، لە تەنیشت پەرەپێدانی توانای هێزە ئەمنییەکانمان. هەروەها گوتی: دەستیان بە پرۆسەیەکی گشتگیری چاکسازی لە پێکهاتە کارگێڕی، دارایی و حکوومییەکاندا کردووە و بە بڕیار و ئیرادەوە رووبەڕووی گەندەڵی دەبنەوە بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی گەل.
لە تەوەری ئابووری و پەیوەندییە عەرەبییەکاندا، زەیدی گوتی روویان لە چارەسەری بنەڕەتی کردووە بۆ زیادکردنی هەلی کار، هاندانی وەبەرهێنان و هەمەچەشنکردنی ئابووری، و دووپاتی کردەوە، عێراق هاوبەشێکی ئابوورییە و تێڕوانینێکی گشتگیری بۆ پشتگیریکردنی یەکخستنی ئابووریی عەرەبی لە کەرتی گشتی و تایبەتدا هەیە. گوتیشی: دەیانەوێت دۆستایەتی ببێتە سەکۆیەک بۆ ژیان و دەرفەتەکان بە دوور لە خۆشکردنی ململانێکان، و داوای پێداچوونەوەی بە میکانیزمی کاری دامەزراوە عەرەبییەکاندا کرد تا بتوانن لە ئاستی گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوچەکە و جیهاندا بن.
لە درێژەی باسی وەستان لەگەڵ هەوڵە عەرەبییەکاندا، گوتی: عێراق لەگەڵ یەکگرتوویی هەڵوێستەکان و لە تەنیشت هەموو ئەو شتانەدایە کە رێگەی بەرەو داهاتوو بۆ سەرجەم وڵاتانی عەرەبی پارێزراو دەکات.هەروەها رایگەیاندووە: ئەم بنەمایانە لە بەرنامەی حکوومەتەکەماندا ئامادە بوون و تا ئێستاش ئامادەن، کاتێک بەرپرسیارێتییمان گرتە ئەستۆ و متمانەی عێراقییەکان و ئەمانەتی بەرژەوەندییەکانی ئەوانمان هەڵگرت.
سەبارەت بە ململانێ هەرێمییەکانیش، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: داوا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەین پەنا ببەنە بەر رێگە ئاشتییانەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو ململانێیەی لە نێوانیاندا هەیە، پێداگریشی کرد کە عێراق پشتگیری لە هەموو هەوڵە عەرەبی، ئیسلامی و نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیە.
هەر لە گوتارەکەیدا، زەیدی باسی لەو دۆخە مرۆییە سەختە کرد کە بە هۆی جەنگە یەک لە دوای یەکەکانەوە لە غەززە، لوبنان و ناوچە عەرەبییەکانی دیکەدا دروست بووە، و جەختی کردەوە، هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق پشتیوانیکردنە لە مافی تەواوی گەلی فەلەستین بۆ ژیان لە دەوڵەتێکدا کە قودس پایتەختی بێت، گوتیشی: بەردەوامبوونی کارەساتەکانی گەلی فەلەستین و دووبارەبوونەوەی جەنگەکانی کۆمەڵکوژی لەلایەن هێزە داگیرکارە تاوانکارەکانەوە بە واتای بەردەوامبوونی ململانێ و کارەساتی زیاتر دێت.