ئەردۆغان: پەکەکە تەواوی ئەشکەوتەکانی زاب و مەتینا و خواکورکی چۆڵکردووە

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، لە کۆتایی هەفتەدا هەواڵی باشیان پێ گەیشتووە و لە خواکورک 14 ئەشکەوتی دیکە چۆڵ کراون و بەمەش خواکورک، زاب و مەتینا هەموویان چۆڵ کران، جەختیشی کردەوە کە یەک هەنگاو بەرەو دواوە ناگەڕێنەوە و دەیانەوێت کێشەکە بە فراوانترین ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی چارەسەر بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "کۆتایی هەفتە هەواڵی باشمان پێ گەیشت؛ لە خواکورک 14 ئەشکەوتی دیکە چۆڵ کراون و بەم شێوەیە خواکورک، زاب و مەتینا هەموویان چۆڵ کران."

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش دا، لە بواری سیاسەتیشدا پێشکەوتنی ئەرێنی هەن و گوتی: "ئێمە یەک هەنگاویش بۆ دواوە نانێین و ئەم کێشەیە لە ڕۆژەڤی گەل دەردەهێنین."

سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لە پێویستیی چارەسەرکردنی هەمیشەیی کێشەکە کردەوە و گوتی: "نەک تەنیا بۆ بووژانەوەی ئابووری، بەڵکوو بۆ ئەوەی ڕووی دایک و باوکان پێبکەنێت و منداڵان بە هیواوە لە داهاتووی خۆیان بڕوانن، دەبێت بە شێوەیەکی هەمیشەیی لەم کێشەیە ڕزگارمان بێت."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەردۆغان پابەندبوونی خۆیانی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: "بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، ئێمە تەنیا دڵمان نا، بەڵکوو هەموو جەستەمان خستووەتە ژێر باری ئەم بەرپرسیارێتییەوە. کاتێک تیرۆر نامێنێت، لە بەردەمماندا دەرگای بەهێزکردنی توانای سیاسەتی مەدەنی دەکرێتەوە و دەمانەوێت بە فراوانترین ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی چارەسەری بکەین."