یەکێتیی ئەوروپا سزای نوێ بەسەر رووسیادا دەسەپێنێت

یەکێتیی ئەوروپا 22ـەمین پاکێجی سزاکانی دژی رووسیا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە خستەڕوو،، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، پاکێجی پێشنیارکراوی سزاکان بە فەرمی خراوەتەڕوو.

دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026،  کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە پۆستێکدا لە  ئێکس نووسیویەتی،، سزاکانی پێشنیارکراو سەکۆکانی دراوی دیجیتاڵی، بانکەکان و کەشتییەکانی ناسراو بە کەشتیگەلی سێبەر دەکاتە ئامانج. هاوکات رێکاری توند بەرامبەر بەشداریکردنی تیپ و وەرزشوانانی رووسی بە ئاڵای وڵاتەکەیان لە پاڵەوانێتییە وەرزشییەکانی ناو یەکێتیی ئەوروپا دەگیرێتە بەر. ئەو بەرپرسە ئەوروپییە روونیکردەوە،، فرۆشتنی وزە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی پارەی ئامێری جەنگی رووسیایە، بۆیە پاکێجی سزاکان کار بۆ زیاتر کەمکردنەوەی داهاتەکانی وزەی رووسیا دەکات.

ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، پێشنیار کراوە دەیان قەوارەی کارا لە کەرتی وزەی رووسیا بخرێنە ناو لیستی سزاکانەوە. لەنێویاندا ئەو قەوارانەی کارئاسانی بۆ کەشتیگەلی سێبەر دەکەن، لەگەڵ زیاتر لە 70 کەشتیی دیکەی سەر بەو کەشتیگەلە. هەروەها پێشنیارەکە گرتنەبەری رێکاری توندتر لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان بە کەرتی وزەی رووسیا و ئامانجگرتنی چالاکییەکانی دروستکردن و کارپێکردنی پڕۆژەکانی گازی سروشتیی شل و نەوت لەخۆدەگرێت.

سەبارەت بە رێگری لە چوونەژوورەوەی شەڕکەرانی پێشووی رووسیا، ڤۆن دێر لاین روونیکردەوە،، پاکێجی پێشنیارکراو بریتییە لە دەرکردنی نزیکەی 60 بانکی رووسی لە سیستەمی سویفت بۆ ئاڵوگۆڕی دارایی نێودەوڵەتی. ئەو هەروەها رایگەیاند، پاکێجەکە میکانیزمێکیش لەخۆدەگرێت بۆ جێبەجێکردنی قەدەغەکردنی چوونەژوورەوەی شەڕکەرانی پێشووی رووسیا بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، دوای ئەوەی بنەما یاساییەکانی ئەو رێکارە لە پاکێجی سزاکانی پێشوودا داڕێژران.

ڤۆن دێر لاین گوتی: "شەڕکەرانی پێشووی رووسیا مەترسیی ئەمنیی بۆ سەر ئەوروپا دروستدەکەن و نابێت رێگەیان پێبدرێت بە ئازادی لەنێوان وڵاتەکەدا هاتوچۆ بکەن". ئەم پێشنیارە لە کاتێکدایە نیگەرانییەکانی ئەوروپا لە کردەوەی تێکدەرانە زیادی کردووە، ئەوەش دوای هەوڵێکی هێرشکردن بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بۆ سەر فڕۆکەخانەی لایپزیگ/هالێی ئەڵمانی لە ئابی رابردوودا، کە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا رووسیایان بەرپرسیار کرد لەو هێرشە.

بەرپرسانی ئەوروپی هۆشدارییان لە هەوڵەکانی رووسیا بۆ هێنانی کەسانێک بۆ ناو وڵاتانی یەکێتییەکە بە مەبەستی بۆ کاری تێکدەرانە داوە. یەکێتیی ئەوروپا پلانی هەیە لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوودا پاکێجە نوێیەکە پەسەند بکات، بە مەرجێک پێش ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، رەزامەندیی هەموو وڵاتانی ئەندامی بەدەستبهێنێت. یەکێتییەکە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە بەردەوام دەبێت لە گوشارخستنە سەر رووسیا لە رێگەی سزاکانەوە، هاوتەریب لەگەڵ بەشداریکردنی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە جەنگی ئۆکرانیا.