سوپای یەمەن:  تەنیا ئەمڕۆ 647 چالاکی سەربازیی دژی حووسییەکان کراوە

 هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایانگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی فەجری یەمەن، 647 چالاکیی سەربازییان لە بەرەکانی جەنگدا بەڕێوەبردووە. سوپای یەمەن ئاشکرایکرد، کە لە ئەو چالاکییانەدا سەدان سەرکردە و چەکداری حوسی بوونەتە قوربانی، هەروەها 56  ئۆتۆمبێل و کەرەستەی سەربازیی ئەو گرووپە تێشکێندراون و لەکارخراون. 

دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، مەجید نەزیلی، گوتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکان بە پاڵپشتیی فڕۆکەکانی هاوپەیمانیی پشتیوانیکردنی شەرعییەت لە یەمەن بەڕێوەچوون". نەزیلی روونیکردەوە، چالاکییەکان 16 هێرشی ئاسمانی، 545 لێدانی تۆپخانە، 36 ئامانجگرتن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 50 لێدان بە مووشەکهاوێژ لەخۆ دەگرن.

لە پارێزگای تەعز، هێزە حکوومییەکان میلیشیاکانی حوسییان تۆمەتبار کرد بەوەی گوندی کەحلانی ناوچەی ئەقرۆزیان بە مووشەکێکی بالیستی کردووەتە ئامانج. هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی دوو مەدەنی و برینداربوونی حەوت کەسێکی دیکە، هاوکات ژنێکیش لە هەمان ناوچە بە فیشەکی قەناس بریندار بووە.

هێزە حکوومییەکان و بەرگریی جەماوەری توانیویانە بەرپەرچی هێرش و هەوڵەکانی دزەکردنی حوسییەکان لە بەرەکانی شارەکە و دەوروبەری بدەنەوە. هێزەکان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراویان خستووەتە خوارەوە و هێرشی ئاسمانییش کۆبوونەوە و ئۆتۆمبێلەکانی ئەو گرووپەی کردووەتە ئامانج.

لە مەئریب، هێزەکان رایانگەیاند هەوڵەکانی دزەکردنی حوسییەکانیان پووچەڵ کردووەتەوە و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە. هاوکات بەرەکانی زالیع، لەحج، شەبووە و حەجە شاهیدی پێکدادان و ئامانجگرتنی پێگەکان و جووڵە و سەرچاوەکانی تەقەکردنی ئەو گرووپە بوون.