چوارچێوەی هەماهەنگی: پێویستە عێراق لە مەترسیی فراوانبوونی شەڕ و ململانێکان بپارێزرێت

چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 302ـی خۆیدا، دۆخی ئەمنی و دارایی عێراق، یاسای هەڵبژاردنەکان و لێکەوتەکانی شەڕی ناوچەکەی تاوتوێ کرد و جەختی لە پێویستیی یەکخستنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ راگرتنی پەرەسەندنەکان و پاراستنی عێراق کردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، چوارچێوەکە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 302ـی خۆی لە نووسینگەی عەبدولحوسێن مووسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانی ئەنجام دا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی کۆی پرسە نوێیەکان لەسەر گۆڕەپانی نیشتمانی، هەرێمی و نێودەوڵەتی.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، بەشداربووان پێداچوونەوەیان بە دۆخی ناوخۆدا کرد، بەتایبەت دۆسیەکانی ئابووری، دارایی و ئەمنی؛ تێیدا چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لە پێویستیی بەهێزکردنی ئەو سەقامگیرییە ئەمنییە کردەوە کە بەدەست هاتووە، لەگەڵ زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان و کۆنترۆڵکردنی خەرجییە گشتییەکان، بۆ مسۆگەرکردنی رێکوپێکیی تەرخانکردنە داراییەکان بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنیی لەسەر ئاستی بژێویی هاووڵاتییان هەبێت.

لە دۆسیەی سیاسی و یاساداناندا، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بەرکەوتەکانی هەڵبژاردنی داهاتوویان تاوتوێ کرد و گفتوگۆیان لەبارەی پێشنیاز و تێڕوانینەکانی پەیوەست بە یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و یاسای هەڵبژاردنەکانەوە کرد. هاوکات جەختیان لە گرنگیی چەسپاندنی بنەماکانی شەفافییەت، بێگەردی و دادپەروەری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا کردەوە، بە جۆرێک کە فراوانترین بەشداریی جەماوەری مسۆگەر بکات و متمانە بە سیستەمی دیموکراسی بەهێزتر بکات.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەو میکانیزمە ڕێکخراوەییانە کرا کە دەبنە هۆی پەرەپێدانی کاری سیاسیی هاوبەش و یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرانبەر پرسە نیشتمانی و ستراتیژییەکان لە قۆناخی داهاتوودا.

لەسەر ئاستی پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش، چوارچێوەی هەماهەنگی گۆڕانکارییە خێراکانی سەر گۆڕەپانی جیهانی تاوتوێ کرد، لە پێش هەمووشیانەوە ئاماژەکانی لێکنزیکبوونەوەی نێوان چین و ئەمریکا و لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکانی لەسەر کەمکردنەوەی گرژییە نێودەوڵەتییەکان و ئاراستەی ململانێکانی ئێستا.

لەم چوارچێوەیەدا، کۆبوونەوەکە پێداچوونەوەی بەو خوێندنەوە شیکاری و هەڵسەنگاندنە ئایندەبینییانەدا کرد کە لەلایەن دەستەیەک لە شارەزایان و شیکەرەوانی نێو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە سەبارەت بە شەڕی بەردەوامی ناوچەکە و لێکەوتەکانی پێشکەش کرابوون؛ تێیدا جەختیان لە پێویستیی یەکخستنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ راگرتنی پەرەسەندنەکان و پاراستنی عێراق و ناوچەکە لە مەترسییەکانی فراوانبوونی بازنەی ململانێکان، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەکان بپارێزێت.