هەولێر شەڕی مانەوە لە پێشەنگی چامپیۆنزلیگ دەکات

هەولێر بە درێسی زەرد رووبەڕووی درێسە پرتەقاڵەکانی کازمە دەبێتەوە
هەولێر بە درێسی زەرد رووبەڕووی درێسە پرتەقاڵەکانی کازمە دەبێتەوە

یانەی هەولێر بۆ یارییەکی چارەنووسساز گەشتی کوێتی کردووە، ئەم یارییە تاڕادەیەک داهاتووی نوێنەرەکەی کوردستان و عێراق لە چامپیۆنزلیگی کەنداو یەکلایی دەکاتەوە.

سبەی چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، یانەی هەولێر لە یاریگای سەداقە و سەلام لە کوێت، لە گەڕی چوارەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، رووبەڕووی یانەی کازمەی کوێتی دەبێتەوە.
یانەی هەولێر بە کۆکردنەوەی 6 خاڵ لە 3 یاری و بە جیاوازیی گۆڵ لە پێش هەردوو یانەی ئیتفاقی سعوودی و عەجمانی ئیماراتییەوە دێت و  پێشەنگی کۆمەڵەی سێیەمی گرتووە. لە بەرامبەردا، یانەی کازمە دوای 3 شکستی لەسەریەک، بێ هیچ خاڵێک لە دوایین پلەی کۆمەڵەکەدا جێگیر بووە.
لە یاریی چوونی نێوانیاندا کە لە رۆژی 4ـی ئەم مانگە لە یاریگای فرانسۆ هەریری بەڕێوەچوو، هەولێر بە ئەنجامی 6 - 0 لە کازمەی بردەوە، 4 گۆڵیان لەلایەن میولین کارڤالیۆی هێرشبەری بەڕازیلییەوە تۆمارکران. هەولێر لە مێژووی رووبەڕووبوونەوەکانیدا لەگەڵ ئەو یانە کوێتییە، 2 بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە و کازمە تا ئێستا هیچ بردنەوەیەکی بەدەست نەهێناوە.
بەر لەم گەشتەی بۆ کوێت، یانەی هەولێر لە گەڕی 14ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە دێربیی کوردستاندا بەرامبەر یانەی دهۆک یاریی کرد و بە ئەنجامی 1 - 1 یەکسان بوو.
 هەولێر لە گەڕی یەکەمی چامپیۆنزلیگی کەنداو بە ئەنجامی 4 - 5 بەرامبەر عەجمان تووشی شکست بوو، بەڵام لە گەڕی دووەمدا بەهۆی ئامادەنەبوونی ئیتفاق لە هەولێر، بە بڕیاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی کەنداو بە ئەنجامی 3 - 0 بە براوە هەژمار کرا. لەم پاڵەوانێتییەدا 12 یانە بەشدارن و دوو یانەی یەکەمی هەر کۆمەڵەیەک لەگەڵ دوو باشترین سێیەم بۆ قۆناخی هەشتەم سەردەکەون.
 
یانەی هەولێر دوای تەواوبوونی ئەم گەڕە، لە رۆژی 8ـی مانگی داهاتوو لە گەڕی پێنجەمی خولەکەدا لە یاریگای خۆی میوانداریی یانەی عەجمانی ئیماراتی دەکات.