پارتی چاکسازیی تورکمان: پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکانی کوردستان هێڵی سوورە
پارتی چاکسازیی تورکمان، نیگەرانیی خۆی لە هەر هەڵوێست و هەنگاوێکی دەرەوەی دەستوور دژی هەرێمی کوردستان دەربڕی؛ دووپاتی کردەوە، پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم هەڵوێستێکی جێگیری نیشتمانییانە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکانیشی هێڵی سوورە.
سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، پارتی چاکسازیی تورکمان، لە راگەیەنراوێکدا سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی خۆی لە هەر هەڵوێست و هەنگاوێک دەربڕی کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستوور بێت و ماف و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بخاتە مەترسییەوە.
لە راگەیەنراوەکەی پارتی چاکسازیی تورکماندا هاتووە، پەیوەست بە لێدوانەکانی گوتەبێژی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە، ئەوان پێیان وایە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە سیاسی و نیشتمانییەکانی، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستانە.
هاوکات جەختی لەوە کردووەتەوە، دەستوور دەبێت تاکە سەرچاوە و بنەمای چارەکردنی هەموو ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بێت و؛ ئاماژەی بەوە داوە، هەر هەنگاوێکی تاکلایەنە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستوور، لەگەڵ بنەماکانی هاوبەشی و فیدراڵیزمدا ناگونجێت.
پارتی چاکسازیی تورکمان، داوای لە حکوومەتی فیدراڵ کردووە پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات و گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بکاتە بنەمای چارەکردنی کێشەکان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا دووپات کراوەتەوە، ماف و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی هەموو پێکهاتەکانی کوردستانن و نابێت بکرێنە بابەتی مامەڵە و ململانێی سیاسی.
پارتی چاکسازیی تورکمان رایگەیاندووە، پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی جێگیری نیشتمانیی ئێمەیە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکانی هێڵی سوورە.