بافڵ تاڵەبانی: شانازی بە کوردبوونمان و ئەو مافانە دەکەین کە بە خەبات بەدەستهاتوون
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەی بڕیارەکانی ئەمڕۆی حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: لەم کاتەدا پێویستە دانایی، سەقامگیری و سەروەریی یاسا لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنرێن. شانازی بە ناسنامەی کوردیمان و ئەو مافانە دەکەینەوە کە گەلەکەمان بە خەبات بەدەستی هێناون.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026، رایگەیاند: "ئەو ئاڵنگارییانەی ئەمڕۆ رووبەڕوومان دەبنەوە، پێویستە لە رێگەی دەستووری عێراقەوە وەک چوارچێوەیەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان یەکلا بکرێنەوە. گفتوگۆی بنیاتنەر تاکە رێگەی دروست و کردەییە بۆ پاراستنی مافی هەموو هاووڵاتییان و پارێزگاری لە ئاشتی و سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
دەشڵێت: لە هەمان کاتدا، سەقامگیریی راستەقینە پێویستی بە لێپرسینەوە هەیە. ئێمە بە تەواوی بڕوامان وایە کە شەفافییەت دەبێت بەردی بناخەی حوکمڕانی بێت. گەندەڵی متمانەی گشتی لاواز دەکات و دامەزراوەکانمان بێهێز دەکات؛ بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی تووند لە هەر کوێیەک بێت بەرەنگاری ببینەوە و سزای بدەین، بەبێ گوێدانە ئەوەی کێ لێی بەرپرسیارە.
سەرۆکی یەکێتی باسی لەوە کرد، بزانن پابەندبوونمان بە ئاشتی و گفتوگۆوە لە هێز و بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە دوودڵی. بە شانازیی تەواو بە ناسنامەی کوردیمان و ئەو مافانەوە دەکەین کە گەلەکەمان بە خەبات و تێکۆشان بەدەستی هێناون، بۆ هەمیشە پابەندین بە پاراستنی شکۆ، خاک و پێگەی دەستووریمان لە هەر کاتێکدا پێویست بکات.
لە کۆتاییدا پەیامەکەیدا، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە، خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان شایستەی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و سەرکردایەتییەکی بەرپرسیارن. دووپاتی دەکەینەوە کە هەڵوێستمان نەگۆڕە و پابەندین بە دیپلۆماسییەتی ئاشتییانە، رێزگرتنی دوولایەنە و چارەسەرە دەستوورییەکان وەک تاکە رێگە بۆ بەرەوپێشچوون.