محەمەدی حاجی مەحموود: بەغدا کوردی وەک هاوبەش و هاووڵاتی قبووڵ نییە
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند کە حکوومەتی عێراق لە دوای شکستهێنانی لە ناوچەی جورف سەخر سیناریۆیەکی دژی هەرێمی کوردستان دروست کردووە و سوودی لە ناکۆکییەکانی ناوخۆی کورد وەرگرتووە؛ هاوکات داوای لە پارتی، یەکێتی و هەموو تاکێکی کوردستان کرد بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێم بەرگری بکەن و ئامادەیی خۆیشی بۆ چوونە پێش سەنگەری پێشمەرگە دەربڕی.
محەمەدی حاجی مەحموود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی ژووری هەواڵی کوردستان24، ئاماژەی بەوە دا ئەو لێدوان و هەڕەشانەی ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026، لە بەغداوە دەکرێن شتێکی کتوپڕ نین، بەڵکو پێشتریش هۆشداریی لێ داون.
گوتیشی: "بەغدا لە رابردوودا ئەزموونی وەرنەگرتووە و ئەوانەی وەک عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، قسە دەکەن شارەزای مێژووی عێراق و کورد نین، با بپرسن چارەنووسی سەرۆکەکانی پێشووی عێراق کە دژایەتیی کوردیان دەکرد، بە کوێ گەیشت."
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، رەنگە بەغدا سوودی لە ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی وەرگرتبێت تاوەکوو ئەمڕۆ لە تەلەڤزیۆنەوە بەبێ شەرم هەڕەشە لە کورد بکەن.گوتیشی: دەبووایە راگەیەندراوەکەی یەکێتی و پارتی توندر بووایە.
هەروەها داوای لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەموو تاکێکی کوردستان کرد بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەرگری بکەن و جەختی کردەوە: "ئەوەی لە دەستمان بچێت، بە سەد ساڵی دیکەش جارێکی تر نایبینینەوە."
ئاماژەی بەوەش دا: "لە ساڵی 2014ەوە بودجەی کوردستانیان بڕاوە، تانکیان هێنایە سەر کەرکووک و پێشمەرگەیان شەهید کرد، هەناردەی نەوتی کوردستانیان راگرت و ئێستاش دەیانەوێت سەرچاوەی داهاتی کوردستان وشک بکەن؛ ئەوان کوردیان وەک هاوبەش و هاووڵاتی قبووڵ نییە."
ئاماژەی بەوەش دا کە لە دوای شکستهێنانیان لە چوونە ناو ناوچەی جورف سەخر دژی حزبوڵڵا بەهۆی دەستوەردانی ئێران و مەرجەعییەتەوە، سیناریۆیەکیان دژی هەرێمی کوردستان دروست کردووە بۆ ئەوەی لای ئەمەریکا شەرمەزار نەبن.
محەمەدی حاجی مەحموود لێبووردەیی کوردی بە بیر بەغدا هێنایەوە و گوتی: "لە راپەڕینی 1991دا نیو ملیۆن سەربازی عێراقیمان لە فەرماندەی فیرقەوە تا سەربازی ئاسایی بە دیل گرت، لە کاتێکدا هەمان ئەو سوپایە کیمیاباران و ئەنفالی کردبووین، کەچی بێ ئەوەی زیان بە یەکێکیان بگەیەنین بە سەلامەتی ناردماننەوە ناو کەسوکاریان؛ بەڵام کورد ئێستا بە جلی کوردییەوە بچێتە بەغدا رێزی لێ ناگرن."
هەروەها رەخنەی لەو کەسانە گرت کە بە کوردی قسە دەکەن و دژایەتیی خاک و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن و داوای لە حکوومەتی هەرێم کرد رێگەیان نەدات بێنە کوردستان. هاوکات داوای لە مامۆستایانی ئایینیی کوردستان کرد بەرگری لە خاک و نیشتمان بکەن و تەنیا لەسەر پرسی مووچە قسە نەکەن.
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان گوتی: لە سبەینێوە ئامادەم بۆ هەر جێگەیەکی کوردستان لە پێش سەنگەری هەموو پێشمەرگەکانەوە بەرگری لە خاک و نیشتمانەکەم بکەم و ئاواتەخوازم لەم جەنگەدا شەهید ببم نەک لەسەر جێگا بمرم."