ئارین بارزانی لەگەڵ بەرپرسان و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی کۆدەبێتەوە
ئارین بارزانی، وەک سەرۆکی لووتکەی جیهانیی لاوانی کوردستان 2026، لەگەڵ بەرپرسان و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی کۆدەبێتەوە بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی لاوان، پەرەپێدانی هاوبەشیی جیهانی و فراوانکردنی دەرفەتەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو.
ئارین مەسرور بارزانی، سەرۆکی لووتکەی جیهانیی لاوانی کوردستان 2026، دامەزرێنەری کوردستان فاوندەیشن"Kurdistan Foundation" و سەرۆکی یەکەی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو (GCC) لە ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026، لە پەراوێزی لووتکەکە لە هەولێر، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی ئەنجام دا.
لە کۆبوونەوەکاندا نوێنەرانی بەحرەین، لیبیا و لوبنانیان و سەرنجیان خستە سەر گەشەسەندنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی بۆ پتەوکردنی هاوکاری لە بوارەکانی بەهێزکردنی لاوان، رابەرایەتی، پەروەردە و داهێنان.
هەر لە پەراوزی لووتکەی جیهانیی لاوانی کوردستان 2026 ئارین بارزانی لەگەڵ ئەیمەن بن تەوفیق مۆئەیەد، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای لاوان و وەرزشی شانشینی بەحرەین، کۆبووەوە؛ ئەمەش رەنگدانەوەی بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بەحرەینە کە لە بواری گەشەپێدانی لاواندا کار دەکەن.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدا بوو کە هاوکاریی نێوان دامەزراوەی کوردستان و هۆپ نێتوۆرک، کە بەحرەین سەرکردایەتیی دەکات، لە فراوانبووندایە؛ ئەم تۆڕە دامەزراوە بەشداربووەکان پێکەوە دەبەستێت بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونە سەرکەوتووەکان و پەرەپێدانی دەرفەتەکان بۆ لاوان.
لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا ئارین بارزانی لەگەڵ هەیسەم زەحاف، وەزیری لاوانی حکوومەتی یەکێتیی نیشتمانیی لیبیا، کۆبووەوە. ئەم دیدارە دەرفەتێکی بۆ گفتوگۆ رەخساند لەنێوان ئەو نوێنەرانەی کە لە بوارەکانی گەشەپێدانی لاوان و هاوکاریی نێودەوڵەتیدا کار دەکەن.
هەروەها ئارین بارزانی لەگەڵ د. خالید غەتتاس، نووسەر، گوتاربێژ و پسپۆڕی لوبنانی لە بواری رەفتاری مرۆیی، کۆبووەوە، کە کارەکانی سەرنج دەخەنە سەر توانستەکانی مرۆڤ، رابەرایەتی و گەشەپێدانی کەسی.
کۆبوونەوەکان هاوکات بوون لەگەڵ رۆژی یەکەمی لووتکەی جیهانیی لاوانی کوردستان 2026، کە دامەزراوەی کوردستان لە ژێر دروشمی داڕشتنی داهاتوو ڕێکی خستووە.
ئارین بارزانی، وەک سەرۆکی لووتکەکە، رۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە کۆکردنەوەی نوێنەرانی نێودەوڵەتی، بەرپرسانی حکوومی و رابەرانی لاو لە هەولێر، و پشتگیریی سەکۆیەک دەکات کە بۆ هاندانی گفتوگۆ، ئاڵوگۆڕی بیروڕا و فراوانکردنی دەرفەتەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو داڕێژراوە.
ئەم کۆبوونەوە سێ رۆژییە زیاتر لە 800 بەشداربووی لاو و نوێنەر لە 47 وڵاتەوە، لەگەڵ وەزیران، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، داڕێژەرانی سیاسەت و رابەرانی نوێ کۆدەکاتەوە.
ئارین بارزانی، وەک دامەزرێنەری کوردستان فاوندەیشن"Kurdistan Foundation"، پشتگیریی ئەو دەستپێشخەرییانەی کردووە کە پەروەردە، هەلی کار، داهێنان، پایەداری و گەشەپێدانی کۆمەڵگا پێش دەخەن، لە رێگەی چەند بەرنامەیەکەوە، لەوانە Youth Hub، Jobs.KRD، Volunteer.KRD، Climate.KRD، Empower.KRD و «10 کێشە، 10 چارەسەر».
بەپێی دامەزراوەکە، دەستپێشخەرییەکانی گەیشتوونەتە زیاتر لە دوو ملیۆن سوودمەند، و لە ساڵی 2026دا 38 پرۆژە جێبەجێ کراون.
ئەم کۆبوونەوە نێودەوڵەتییانە جەخت لە رۆڵی لووتکەکە دەکەنەوە لە هێنانی بەرپرسانی باڵا و ئەو دامەزراوانەی کە گرنگی بە لاوان دەدەن بۆ هەولێر، هاوکات لەگەڵ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان.
لووتکەی جیهانیی لاوانی کوردستان 2026 تا 26ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت و پانێڵی گفتوگۆ کە لاوان بەڕێوەی دەبەن، وۆرکشۆپی تایبەتمەند، مێزگردی سیاسەت لە ئاستی وەزیران و ئەو رێککەوتنە نێودەوڵەتییانەی هاوبەشی کە پلانیان بۆ دانراوە لەخۆ دەگرێت، بە ئامانجی پێشخستنی دەرفەتەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو.