سەڵاحەددین دەمیرتاش: قۆناخی ئێستا مێژووییە و با هەموومان بیکەینە سەرکەوتنی ئاشتی
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە رایدەگەیەنێت، لە قورسترین دۆخەکانیشدا و تەنانەت لە نێو ژوورە تاکەکەسییەکاندا دەستبەرداری بەرگریکردن لە ئاشتی نەبوون، جەختیش دەکاتەوە کە قۆناغی ئێستا مێژوویی و هیوابەخشە و دەبێت بە هەرەوەزی بکرێتە سەرکەوتنی ئاشتی.
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، لە پەیامێکدا کە لە زیندانی ئەدیرنەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، "لە کاتێکدا گوندەکان بە تەواوی دەسووتێنران، ئێمە داوای چارەسەری ئاشتییانەمان دەکرد. لە کاتێکدا لە شەقامەکاندا خەڵک گولـلە بە پشتەملیانەوە دەنرا و رۆژانە تەرمی گەنجانی تازەپێگەیشتوو بەخاک دەسپێردران، ئێمە هەر ئاشتیمان دەویست."
دەمیرتاش ئاماژەی بەوەش داوە، لەو کاتانەشدا کە لە شارەکان بۆمب دەتەقینەوە و شەپۆل لە دوای شەپۆل دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ ئەنجام دەدرا، هەر بەرگرییان لە ئاشتی کردووە و دەڵێت: "لە کاتێکدا پارتەکانمان دادەخران، خەڵک دارکاری دەکران، گازی فرمێسکڕێژیان پێدا دەکران و بەسەر زەویدا رادەکێشران، هەر دەستبەرداری ئاشتی نەدەبووین. نە لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا دەستمان لە بەرگریکردن لە ئاشتی هەڵگرت و نە لە
گۆڕەپانەکانیشدا."
لە وەڵامی ئەو رەخنانەشی کە لە پرۆسەکە دەگیرێن، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە نووسیویەتی: "ئێستا کە هێندە لە چەکدانان و ئاشتی نزیک بووینەتەوە، ئەوانەی بە بیانووی (بەڵام ئۆپەراسیۆنمان لە دژ دەکرێت، ئێوە هێشتا ئاشتیتان دەوێت!) رەخنە دەگرن، دەبێت بزانن کە ئاشتی هەر لە بنەڕەتدا لە بارودۆخی ئاشتیدا داوا ناکرێت. لە پرۆسەکانی ئاشتیدا، تەنانەت بۆ گەیشتن بە هەنگاوێکی بە رووکەش بچووکیش، رەنج و ماندووبوونێکی یەکجار گەورە دەدرێت."
دەمیرتاش دووپاتی کردووەتەوە، "نایاسایی هەیە، بگرە لە ئاستێکی یەکجار بەربڵاودایە، لەگەڵ ئەوەشدا بەبێ پەنابردنە بەر هیچ بیانوو و پاساوێک، گوتنی (سەرەتا ئاشتی) و پاراستنی گیانی رۆڵەکانمان لە پێش هەموو شتێکەوە، بەرزترین و مەردانەترین هەڵوێستە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، "دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە رەفتارێک کە ریتم و ورەی پرۆسەکە تێکبدات، ئەرکێکی ئەخلاقییە بەرامبەر هەموو ئەو دایک و باوکانەی رۆڵەکانیان لە سەربازی، ئێشکگری و شاخن و دەستیان لەسەر دڵیانە. ئەو قۆناغەی پێی گەیشتووین مێژووییە، زۆر گرنگە و هیوابەخشە. با بە هەرەوەزی ئەم دەرفەتە بگۆڕین بۆ سەرکەوتنی ئاشتی، دواتریش هەموومان پێکەوە بەردەوام بین لە کارکردن بۆ ئەوەی هەموو شتێک باشتر بێت."