جەعفەر ئیمێنکی: بەغدا تاوان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکات

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە بەغدا جموجۆڵی نامۆ و گوماناوی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت و راگەیەندراوی گوتەبێژی سەربازیی عێراقیش پاشگەزبوونەوەیە لە دەستوور و رێککەوتنە سیاسییەکان؛ جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە پارتی و یەکێتی پەلە لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێم بکەن و بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو وەڵامی بەغدا بدەنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، جەعفەر ئیمێنکی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کوردستان24، لەبارەی دوایین بڕیار و لێدوانەکانی بەغدا و راگەیەندراوە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی رایگەیاند، "ئەم راگەیەندراوە هاوبەشەی پارتی و یەکێتی باشترین هەنگاوە لە ئەمڕۆدا و دەبێتە هۆی ئەوەی بتوانین بە ئاراستەیەکی تەندروست مامەڵە لەگەڵ ئەو هەڵوێستە نوێیە چاوەڕواننەکراوەی بەغدا بکەین، چونکە ئەوەی لە بەغداوە هاتووە لە پێشبینیی کەسدا نەبووە."

ئیمێنکی ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر پێش مانگێک هەڵوێستێکی هاوشێوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی هەبووایە، ئەو هەڕەشانەی بەغدا بەو شێوازە روویان نەدەدا؛ جەختیشی کردەوە، "دەبێت ئەمڕۆ تەرکیزمان لەسەر ئەوە بێت کە چۆن لە دوای ئەم هەنگاوە، پارتی و یەکێتی لەگەڵ هێزە نیشتمانییەکانی دیکەی کوردستاندا بەرنامەیەکی یەکگرتووی ژیرانە، یاسایی و دەستووری دابنێین و پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان، کە خۆشبەختانە ئێستا پەرلەمانی کوردستانیش کارا بووەتەوە."

لەبارەی ئامادەیی پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی لە هەر شوێنێک بێت، جەعفەر ئیمێنکی گوتی: "پارتی هەمیشە ئامادە بووە، نەک تەنها لە سلێمانی بەڵکو لە هەر شوێنێکی دیکە؛ لەم قۆناغە نائاسایی و هەڕەشەئامێزەدا پێویستە واز لە هەموو ناکۆکییەک و پرسەکانی پلە و پۆست بهێنرێت، چونکە هەر کاتێک هەرێمی کوردستان یەکگرتوویی خۆی بپارێزێت، هیچ هێزێک ناتوانێت زاڵ ببێت بەسەریدا."

سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی حکوومەتی فیدراڵ و ناردنی پەیام لە رێگەی گوتەبێژی سەربازییەوە، ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دووپاتی کردەوە، ماوەی نزیکەی مانگێکە جموجۆڵی گوماناوی و شەڕێکی دەروونی و میدیایی دژی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەستی پێکردووە و گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ لە رێگەی گوتەبێژی سەربازییەوە کرا، لێدوانێکی زۆر نەگونجاو و نەشیاو بوو و مەبەست لێی هەڕەشەکردن و دروستکردنی ترسە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان پارێزگایەک نییە پەلاماری بدەن و هەروا بۆیان بچێتە سەر، بەڵکو دووەم دامەزراوەی بنیاتنەری ئەم وڵاتەیە."

جەعفەر ئیمێنکی راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان هەرگیز زمانی هەڕەشە قبووڵ ناکات و بە بیری هێنایەوە، "هەرێمێک کە لە سەددام حوسێن نەترسا و ئەفسانەی داعشی تێکشکاند، بە زمانی هەڕەشە ناترسێت و هەر کەسێک بەو زمانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، دەدۆڕێت؛ لە بەرامبەردا هەر کاتێک بەغدا رێگەی دیالۆگی گرتبێتەبەر، هەرێمی کوردستان دەستی ئاشتی و رێککەوتنی بۆ درێژ کردووە."

لەبارەی ئەدای کابینەکەی عەلی زەیدی، جەعفەر ئیمێنکی روونیکردەوە، لە کاتێکدا سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی گەورەی حکوومەتەکەی عەلی زەیدیی کردووە، بەڵام تا ئێستا جددیەت لە هەنگاوەکانی چاکسازیدا نەبینراوە و دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی و قاچاخچێتیی نەوت لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، لەوانە بەسرە، نابرێنە پەرلەمانی عێراق، کەچی بە پاساوی قاچاخچێتی هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و ئەمەش "تاوانە بەرامبەر خەڵکی کوردستان دەکرێت." گوتیشی، ئەگەر لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە راپۆرتی ئامادە کردووە، پێویست بوو راستییەکان ببرێنە بەردەم پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان، نەک بە رێگەی گوتەبێژی سەربازی لێدوانی هەڕەشەئامێز بدرێت.

ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی جەختی لەوەش کردەوە، ئەوەی ئێستا لە بەغدا روودەدات "پاشگەزبوونەوەیەکی روونە لە تەوافوق، رێککەوتنە سیاسییەکانی پێکهێنانی حکوومەت، رۆحی دەستوور و ماددەکانی دەستوور." ئاماژەی بەوەش دا، تەنها کورد بڕوای بە دەستوور هەیە و داوای جێبەجێکردنی دەکات، بەڵام لایەنە باڵادەستەکانی بەغدا بە شێوەیەکی ئینتیقائی مامەڵە لەگەڵ دەستوور دەکەن و ماددە بنەڕەتییەکانی وەک ماددەی 140، دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئیتیحاد و دەرکردنی یاسای نەوت و گازیان پەکخستووە.

سەبارەت بە راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانیش، جەعفەر ئیمێنکی بە لێدوانێکی دەوڵەمەند، لە کاتی خۆیدا و جێگەی خۆشحاڵی وەسفی کرد و هیوای خواست لە بەغدا بخوێنرێتەوە و رێز لە دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێمی کوردستان بگیرێت.

لە کۆتاییشدا جەختی کردەوە، ناکرێت چاوەڕێی گۆڕینی عەقڵییەتی ناوەندگەرایی لە بەغدا بکرێت، بەڵکو گەرەنتیی راستەقینە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، پشتبەستنە بە توانا ناوخۆییەکان، یەکڕیزیی گەل و هێزە سیاسییەکان و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان.