لە سلێمانی دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیاران دەکرێت

گەنمی جووتیاران
گەنمی جووتیاران

دابەشکردنی شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیارانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەستی پێکرد، هاوکات پرۆسەکە لە هەولێر و دهۆکیش لە قۆناخی کۆتاییدایە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە گوژمەیەکی نوێی شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە بۆ ساڵی 2026 دابەش دەکرێت."

ئەمڕۆ بڕی 22 ملیار و 605 ملیۆن دینار بۆ جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە خەرج دەکرێت. نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە هەولێر دەست بە دابەشکردنی 20 ملیار و 921 ملیۆن دینار و لە دهۆکیش بە دابەشکردنی 19 ملیار و 76 ملیۆن دینار کراوە."

شێخ کامیل روونیکردەوە، پرۆسەی دابەشکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران لە هەولێر و دهۆک لەم رۆژانەدا کۆتایی دێت. ئەو بڕە پارەیەی ئەمڕۆ دابەش دەکرێت، لە چوارچێوەی وەجبەی دووەمی شایستە داراییەکانی ساڵی 2026ـی جووتیارانە.

نەوزاد شێخ کامیل گووتیشی لە ماوەی رابردوو 63 ملیار دینار لە پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ئەمساڵ هات و هێشتا 150 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لای بەغدا ماوە و چاوەڕوانین ئەو بڕەی کە ماویشە لە یەک دوو مانگی داهاتوو خەرج بکرێت. 

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی گووتی، دابینکردنی ئەم پارەیە لەم قۆناخە هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەقامگیریی کەرتی کشتوکاڵ لە ناوچەکەدا، بەتایبەت کە جووتیاران لە هەموو وەرزێکدا پێویستییان بەم شایستە داراییانەیە بۆ دەستپێکردنەوەی کێڵان و تۆوکردنی زەوییەکانیان.