پەرلەمانتارێکی پارتی: هەوڵی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ پشتیوانیکردنی بڕیارەکانی بەغدا شکستی هێنا
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بڕیارە نوێیەکانی حکوومەتی عێراق دژی هەرێمی کوردستان نایاسایین و جێبەجێ ناکرێن، ئاشکراشی دەکات، پەرلەمانتارانی شیعە نەیانتوانیوە تەنانەت 50 واژووش بۆ پشتیوانیی بڕیارەکان کۆ بکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2026، بناس دۆسکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە کاتی بەشداریی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 13:00ـی کوردستان24 رایگەیاند، راگەیەنراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق چاوەڕواننەکراو بوو و ناڕەزایەتییەکی گەورەی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان لێ کەوتەوە.
دۆسکی ئاماژەی بەوە دا، ئەو داواکاری و رێکارانەی بەغدا بە گشتی لە دەرەوەی دەستووری ساڵی 2005ـی عێراقن، بە تایبەتی لە دەستووردا بە روونی باس لە بەڕێوەبردنی هاوبەشی گومرگەکان لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی، حکوومەتی هەرێمەکان و پارێزگاکاندا کراوە. روونیشی کردەوە، کورد و بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دامەزرێنەرانی سەرەکیی عێراقی دوای ساڵی 2003 و دەستووری ساڵی 2005 بوون.
سەبارەت بە بەراوردکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە ناوچەی "جورف سەخر"، پەرلەمانتارەکەی پارتی جەختی کردەوە، ئەو بەراوردکارییە ستەمێکی گەورەیە، چونکە لە "جورف سەخر" هێڵەکانی نەوت و گاز شکێنراون و بە نایاسایی نەوت دەدزرێت. باسی لەوەش کرد، لە راپۆرتێکی هەواڵگریدا کە وێنەیەکی بۆ پەرلەمان نێردراوە و کۆپییەکی لەلای ئەویشە، ئاماژە بە دوو خاڵ کراوە، یەکەم ئەو نەوتە دزراوەی لە عێراق و "جورف سەخر"ـەوە دێت بە رێڕەوی کەرکووک و سلێمانیدا بەرەو ئێران و ئەفغانستان دەبردرێت، دووەمیش بەبێ هیچ بنەمایەکی راست، تۆمەتی ناردنەدەرەوەی نایاسایی نەوت دراوەتە پاڵ کۆمپانیای نەوتی نەرویجیی "دی ئێن ئۆ"، لە کاتێکدا نزیکەی 20 رۆژ پێش ئێستا ئەو کۆمپانیایە بۆ ئاژانسی "رۆیتەرز" ئاشکرای کردبوو پشکەکەی خۆی لە بازاڕی ناوخۆدا دەفرۆشێت.
لەبارەی هۆکاری واژوونەکردنی رێککەوتنی سێقۆڵیی هەناردەکردنی نەوت لە 27ی ئەیلوولی 2025 لەلایەن کۆمپانیای دی ئێن ئۆوە، دۆسکی ئەوەی خستە روو، کۆمپانیا نەرویجییەکە لە ساڵی 2023ـدا بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار نەوتی رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کردووە و تا ئێستا پارەکەی پێ نەدراوە، بۆیە بێباوەڕی دروست بووە و کۆمپانیاکان داوا دەکەن پشکی خۆیان بە نەوت وەربگرن و راستەوخۆ بیفرۆشن.
گوتیشی، باسم محەممەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق کە پێشتر بریکاری وەزارەتەکە بووە بۆ کاروباری دەرهێنان و ئەندامی چالاکی دانوستانەکان بووە، وردەکاریی هەموو رێککەوتنەکان لە "ئەلفەوە تا یا" دەزانێت.
ئاشکرایشی کرد، لە دوێنێوە پەرلەمانتارانی شیعە سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژوون بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی پەرلەمان بۆ پشتیوانیکردنی هەڵوێستی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵام لە کۆی 180 پەرلەمانتاری شیعە و 329 ئەندامی پەرلەمان، تا ئێستا نەیانتوانیوە 50 واژووش کۆ بکەنەوە و تەنیا یەک یان دوو پەرلەمانتاری سوننە و کورد واژوویان کردووە. هەروەها روونی کردەوە، لە ناو ئەنجوومەنی وەزیراندا دەنگی سەرۆکوەزیران و دەنگی وەزیرێکی وەک فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق یەکسانە و وەک یەک دەژمێردرێت.
لە کۆتاییدا، ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ستایشی راگەیەنراوە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتیی کرد و دووپاتی کردەوە، ئەو یەکهەڵوێستییە هەر پێنج ملیۆن کوردەکەی هەرێمی کوردستانی دڵخۆش کرد و راستەوخۆ پێگەی کوردی لە بەغدا بەهێزتر کرد. ئاماژەی بەوەش دا، لە ساڵی 1921ـەوە هەر کاتێک بەغدا ستەمی لە گەلی کورد کردبێت، عێراق خۆی تووشی ناسەقامگیری بووەتەوە، کوردیش کە بەرگەی کیمیاباران و کۆمەڵکوژیی گرتووە، لەم جۆرە گوشارانە ناترسێت.