بەیژینگ داوا لە واشنتن دەکات سەقامگیریی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان بپارێزێت
دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان سەبارەت بە نیازی ئەمریکا بۆ راگەیاندنی باجی گومرگیی نوێ لەسەر هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی، بەیژینگ داوا لە واشنتن دەکات گەشەسەندنی سەقامگیری پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان بپارێزێت و هۆشداری دەدات کە شەڕی بازرگانی لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، گوۆ جیاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو باجە نوێیانە رایگەیاند: "شەڕی گومرگی و بازرگانی لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە".
جیاکون لە کۆنگرە رۆژنامەوانییە خولییەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە دوو گەورەترین ئابووریی جیهان، کە لە ساڵی 2025ـدا گەیشتنە ئاگربەستێکی لەرزۆک لە شەڕە بازرگانییەکەیاندا، کێشە هەستیارەکانی نێوانیان لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەو تۆمەتانەشی رەتکردەوە کە باس لە بوونی توانای بەرهەمهێنانی زیادە لە چین دەکەن و بە "گریمانەیەکی هەڵە" و "بیانوویەک بۆ یاریکردنی سیاسی" وەسفی کرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەردەوام رەخنەی لە زیادەی بازرگانیی زەبەلاحی چین لەگەڵ ئەمریکا گرتووە و بەرپرسیارێتیی پاشەکشەی توانای پیشەسازیی ناوخۆیی و لەدەستدانی هەلی کاری لە وڵاتەکەیدا خستووەتە ئەستۆی بەیژینگ.
هەفتەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ لە پەراوێزی لووتکەی کۆڕبەندی هاریکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (ئاپێک) لە شاری شینژنی چین لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کۆبووەوە و بڕیاریشە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو لە میانی لووتکەی گرووپی بیست (G20) لە ئەمریکا جارێکی دیکە کۆببنەوە.