هەشت کۆچبەری عێراقی لە لیبیا دۆزرانەوە
ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، سەرکەوتنی باڵیۆزخانەکەی لە دۆزینەوەی هەشت کۆچبەردا راگەیاند، کە پێشتر بە شێوەیەکی نایاسایی چووبوونە ناو خاکی لیبیا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەحمەد سەحاف بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە هەوڵەکانیاندا توانیان هەشت کۆچبەری عێراقیان دۆزیوەتەوە و لە باڵەخانەی باڵیۆزخانە پێشوازییان لێ کرا، هەروەها دەست کرا بە ڕێکارەکانی سەلماندنی هاووڵاتیبوون و پێدانی پاسپۆرت پێیان، وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕاندنەوەی خۆبەخشانەیان بۆ ناو خێزانەکانیان.
ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەش دا، ئەم هەوڵانە دوای ئەوە دێن باڵیۆزخانە رایگەیاندبوو بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ژمارەیەک کۆچبەری بێسەروشوێن دەکات کە هیچ هەواڵێکیان نەبووە و پەیوەندییان پچڕابوو.
هەڵسوڕێنەری کاروباری عێراق لە لیبیا جەختیشی کردەوە، لەگەڵ دەسەڵاتدارە پەیوەندیدارەکان لە تەرابلوس هەماهەنگی دەکەین بۆ تەواوکردنی گەڕاندنەوەی خۆبەخشانەیان، هاوکات ئاشکرای کرد، هەر لەگەڵ گەیشتنی کۆچبەرەکان بە باڵەخانەی باڵیۆزخانە، خزمەتگوزارییە مرۆیی، تەندروستی و کونسوڵگەرییەکانیان پێشکەش دەکرێت.