سەرۆک بارزانی: هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی دەستووری عێراق مامەڵە لەگەڵ هیچ بڕیارێک ناکات

سەرۆک بارزانی لە میانی پێشوازیکردنی لە باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق، ئاماژەی بە بڕیارە سەربازییەکەی دوێنێی حکوومەتی عێراق کرد و جەختی کردەوە هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ هیچ بڕیارێک ناکات لە دەرەوەی دەستوور بێت و کەس ناتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەر گەلی کوردستاندا بسەپێنێت؛ لای خۆیەوە باڵیۆزی ئیتالیا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمێکی بەهێز و چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ دووپات کردەوە.

بارەگای بارزانی راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2026 لە پیرمام سەرۆک بارزانی پێشوازی لە نیکۆلۆ فۆنتانا باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا کە تۆماسۆ سانسۆنێ کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، رۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق بە گشتی و هەڵسەنگاندن بۆ پێشهاتە تازەکانی نێو پەیوەندییەکانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کرا.

بارەگای بارزانی دەڵێت: پەیوەست بەم باسەوە سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە بڕیارە سەربازییەکەی دوێنێی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ جەختی لەوە کردەوە، دەستوور جۆری سەلاحیات و جۆری پەیوەندیی نێوان هەردوولای دیاری کردووە و هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ هیچ بڕیار و بابەتێک ناکات کە لە دەرەوەی دەستووری عێراقی بێت.

سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی گرفتەکان چارەسەر ببن بەڵام هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە بە بڕیاری نادەستووری و عەقڵیەتی نکۆڵیکار، ئیرادەی خۆی بەسەر گەلی کوردستاندا بسەپێنێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی بە بایەخەوە سەیری رۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان دەکات و پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەکات. هیواشی خواست کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم بە دیالۆگ و لێکتێگەییشتن چارەسەر ببن و بگەنە ئەنجامێکی باش.