پارتی وەڵاتپارێزانی کوردستان داوای یەکڕیزیی کورد لە بەرانبەر هەڕەشەکان دەکات
مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی پارتی وەڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) بەیانیی ئەمڕۆ لە کاتی گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا لە دەروازەی خابوور دەستبەسەر کرا و دوای وەرگرتنی وتەکانی بە زمانی کوردی ئازاد کرا، ئەندامێکی سەرکردایەتیی ئەو پارتەش بۆ کوردستان24 داوای یەکڕیزیی کورد لە بەرانبەر هەڕەشەکان دەکات.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026 مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی پارتی وەڵاتپارێزانی کوردستان لە کاتی گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا، لە رێگەی دەروازەی خابوورەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. ئۆزچەلیک لەلایەن داواکاری گشتیی دیاربەکرەوە وتەی لێ وەرگیراوە و وتەکانی بە زمانی کوردی پێشکەش کردووە و دواتر ئازاد کراوە.
دەستبەسەرکردنەکەی ئۆزچەلیک لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا بووە کە هەفتەی رابردوو دژی ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندیی هاوپەیمانییەکی کوردستانی ئەنجام دراوە.
قاسم ئەرگون، ئەندامی ناوەندیی بەڕێوەبەرایەتیی پارتی وەڵاتپارێزانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 لە ئەستانبوڵ، رایگەیاند، وەک لە مێژووی کۆماری تورکیادا بینراوە، ئەگەرێکی زۆر هەیە ئەم ئۆپەراسیۆن و گوشارانە بەردەوام بن.
قاسم ئەرگون جەختی کردەوە کە ئەو ئۆپەراسیۆنانە نایاسایین و تەنانەت لەگەڵ یاساکانی دەوڵەتی تورکیاشدا ناگونجێن، چونکە ئەو هاوپەیمانییەی پێکیان هێناوە بە هیچ شێوەیەک پشتگیری لە شەڕی چەکداری ناکات، دژی توندوتیژییە و بە شێوەیەکی دیموکراسییانە سیاسەت دەکات.
ئاشکراشی کرد کە هەفتەی رابردوو لە چوارچێوەی هەمان دۆسیەدا پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵەکەی مستەفا ئۆزچەلیک لە ئەستانبوڵ و لەوێدا ئازاری دایکە 80 ساڵانەکەیان داوە، بەڵام دووپاتی کردەوە لەسەر دۆزەکەی خۆیان سوورن، پەیڕەو و پرۆگرامی هاوپەیمانییە کوردستانییەکەیان دەپارێزن و بەردەوام دەبن لە بەهێزکردنی یەکڕیزی و پاراستنی مافی نەتەوەبوون و خۆبەڕێوەبەریی گەلی کورد لەسەر خاکی خۆی.
سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی عێراق لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەندامەکەی سەرکردایەتیی PWK ئاماژەی بەوە دا لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن و رایگەیاند، لە دامەزراندنی کوردستانی فیدراڵەوە تا ئەمڕۆ هەر کاتێک دەرفەت بڕەخسێت، سیاسەتی داگیرکاری بەردەوام دەبێت و هێرش دەکرێتە سەر کورد و کوردستان.
قاسم ئەرگون داوای لە تەواوی کوردستانییان و بەتایبەت سەرکردایەتی، دەسەڵاتداران، ئۆپۆزیسیۆن، پارتی، یەکێتی و هەموو پارتەکانی باشووری کوردستان کرد ناوماڵی خۆیان یەک بخەن، چونکە تەنیا بە یەکڕیزی دەتوانن کوردستان بپارێزن.
بانگەوازی ئاراستەی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان و جیهان کرد بۆ پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و گوتی: "ئەمڕۆ رۆژی پشتیوانییە، رێگە نادەین داگیرکاران کوردستان داگیر بکەن و هەموومان پێشمەرگەین."