بەم نزیکانە پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای هەڵوێست و ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەیان بەرامبەر بڕیارەکانی عێراق، بڕیارە بەم نزیکانە کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی بەڕێوە بچێت؛ ئاماژەی بەوەش دا کە هەرچەندە تاوەکوو ئێستا کاتی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەبارەی ئەو دۆخەی پاش ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق دروست بووە، هەردوولا کۆ دەبنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، دوای بڵاوکردنەوەی هەڵوێست و راگەیەندراوە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی بەرامبەر بە بڕیارەکانی عێراق، بەم نزیکانە کۆبوونەوەی هەردوولا بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوەکە گوتیشی: هەرچەندە تاوەکوو ئێستا کاتی کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دیاری نەکراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەبارەی ئەم دۆخەی پاش راگەیەندراوەکە گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، دروست بووە، بەم نزیکانە کۆبوونەوە دەکرێت.

دوێنێ سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کرد، ئەو راگەیەنراوەی لە لایەن گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاو کراوەتەوە، لەگەڵ ئەو پێشهات و رێوشوێنانەی لەم چەند رۆژەدا لە عێراقدا لە ئارادان، بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرن.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەموو لایەک باش دەزانن هەرێمی کوردستان لەو مافانەی لە دەستووری عێراقدا هاتوون زیاتری داوا نەکردووە، کەچی بە درێژایی ساڵانی رابردوو مافە دەستوورییەکانی پێشێل کراون.

بە پێی راگەیەنراوەکە، هەردوو لایەن جەختیان کردووەتەوە، پێویستە هەموو لایەک پابەندی دەستوور بن و ئەگەر کێشەیەکیش لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیدا هەبێت، دەبێت دەستوور دادوەر و ناوبژیوان بێت لە نێوانیاندا. جگە لە دەستوور، هەر رێوشوێن و بڕیارێکی دیکە لە دژی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوورە.

لە راگەیەنراوە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتیدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی دوورودرێژی گەلی کوردستانە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکان هێڵی سوورن.

هەردوولا دووپاتیان کردووەتەوە، ئێمە لەگەڵ دیالۆگ، شەفافییەت و لێکتێگەیشتنین و، بڕیاری تاکلایەنە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق ناکات.