سزای سێ ساڵ زیندانیی بۆ بەرپرسێکی پێشووتری تەندروستیی سەڵاحەددین دەرچوو
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی بڕیاری سێ ساڵ زیندانیی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتری فەرمانگەی تەندروستیی سەڵاحەددین و سێ فەرمانبەری دیکەی هەمان فەرمانگە دەرکرد، بەهۆی ئەو سەرپێچییانەی زیانیان بە سامانی گشتی گەیاندووە.
دەستەی دەستپاکی لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، بڵاویکردەوە و رایگەیاند، دادگای تاوانەکانی سەڵاحەددین بڕیاری زیندانیی بۆ ماوەی سێ ساڵ بەسەر بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتری فەرمانگەی تەندروستیی سەڵاحەددین و دوو فەرمانبەری هۆبەی ژمێریاری و وردبینێکی هەمان فەرمانگەدا سەپاندووە.
ئاماژەی بەوەش داوە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، سزادراوان لە ساڵی 2019 بە پشتبەستن بە بریکارنامەی ساختە، بڕە پارەیەکیان لە فەرمانگەی تەندروستیی سەڵاحەددین خەرج کردووە. ئەو کارە بووەتە هۆی گەیاندنی زیانی دارایی بە فەرمانگەکە.
دەستەی دەستپاکی روونیکردەوە، دادگا دوای پێداچوونەوە بە بەڵگەکان بۆ تاوانبارکردنی تۆمەتباران. بڕیاریدا بە سزادانی هەریەکەیان بە زیندانیکردنی بۆ ماوەی سێ ساڵ، ئەوەش بە پشتبەستن بە ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو.