پەرلەمانتارانی بەریتانیا داوای پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن

گرووپی پەرلەمانیی سەرجەم پارتەکانی بەریتانیا بۆ پشتیوانی لە گەلی کورد نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر گرژییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند و داوا لە هەردوو حکوومەت دەکات دان بەخۆیاندا بگرن، خۆیان لە هەر پەرەسەندنێکی سەربازی بە دوور بگرن و لە رێگەی گفتوگۆوە بگەنە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن فێریال کلارک و پیتەر لامب، هاوسەرۆکانی گرووپە پەرلەمانییەکەوە (کە لە ئەندامانی هەردوو ئەنجوومەنی پەرلەمانی بەریتانیا لە پارتە جیاوازەکان پێکهاتووە) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە رۆژی 24ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە دەسەڵاتە فیدراڵییەکان کردووە کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو کێڵگە نەوتییانە بکەن کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەمنیی کورددان، هەروەها بڕیاری داوە هەناردەکردنی نەوت تەنیا بە رەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بێت.

گرووپەکە باسی لەوە کردووە، کە ئەو رێکارانە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستانەوە رەتکراونەتەوە و ئەو زمانەش کە لە راگەیاندنی بڕیارەکاندا بەکارهاتووە، ترسی لە دروستبوونی پێکدادان و رووبەڕووبوونەوە لێ کەوتووەتەوە.

 

پێگەی دەستووری، گفتوگۆی نیشتمانی و مووچەی فەرمانبەران

پەرلەمانتارانی بەریتانیا جەخت دەکەنەوە کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی فیدراڵییە و لە دەستووری ساڵی 2005ـی عێراقدا دانی پێدانراوە، کێشە لەمێژینە و ئاڵۆزەکانی وەک نەوت، داهات، گومرگ و بەڕێوەبردنی سنوورەکانیش تەنیا لە رێگەی گفتوگۆ، رێککەوتن و رێزگرتن لە ماف و بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی هەردوو لایەنی بەغدا و هەولێر بە شێوەیەکی بەردەوام چارە دەکرێن. هاوکات هۆشداری دەدەن کە هەنگاوی تاکلایەنە و زمانی سەربازی مەترسیی قووڵکردنەوەی دابەشبوونەکان و تێکدانی سەقامگیریی عێراقی هەیە.

لە راگەیەنراوەکەدا پێشوازی لەو گفتوگۆ نیشتمانییە کراوە کە بڕیارە لە 1ـی کانوونی یەکەمدا دەستپێبکات و داوا لە هەموو لایەنەکان کراوە بە نیازپاکییەوە بچنە پێشەوە و کار بۆ رێککەوتنێکی هەمیشەیی بکەن، لە نێویاندا تێپەڕاندنی یاسای فیدراڵیی نەوت و گاز کە ماوەیەکی زۆرە دواکەوتووە. هەروەها دووپاتی دەکەنەوە کە دەبێت هەر رێککەوتنێک بژێوی خەڵکی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە کاتی خۆیدا گەرەنتی بکات.


مەترسیی داعش و هەنگاوی حکوومەتی بەریتانیا

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەندەن، گرووپەکە ئاماژەی بە هاوبەشیی مێژوویی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە، هێزەکانی پێشمەرگە شانبەشانی بەریتانیا و هاوپەیمانان بۆ تێکشکاندنی داعش جەنگاون و ناسەقامگیریی ئێستا مەترسیی رەخساندنی دەرفەتی هەیە بۆ سەرهەڵدانەوەی ئەو رێکخراوە. بۆیە داوا لە حکوومەتی بەریتانیا دەکەن پەیوەندییەکانی لە بەغدا و هەولێر بەکاربهێنێت بۆ هاندانی هێوربوونەوە، پشتگیریکردنی گفتوگۆی بنیاتنەر و پاراستنی رێککەوتنێک کە رێز لە دەستووری فیدراڵیی عێراق بگرێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، گرووپی پەرلەمانیی سەرجەم پارتەکان بۆ کاروباری کورد داوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ستیفن داوتی، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە تاوەکو وەڵام و هەڵوێستی حکوومەتی بەریتانیا تاوتوێ بکەن.


داواکارییەکی دیکەی پەرلەمانی بۆ گفتوگۆی دەستبەجێ

لە لایەکی دیکەوە، گرووپی پەرلەمانیی سەرجەم پارتەکان بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق (APPG on the Kurdistan Region of Iraq) بە سەرۆکایەتیی جۆن سلینگەر، ئەندامی پەرلەمان، لە راگەیەنراوێکی جیاوازدا لە رۆژی 25ـی تشرینی دووەمی 2026، هەڕەشە لەناکاو و بێپاساوەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە "جێگەی نیگەرانیی زۆر و مایەی داخ" وەسف کرد.

جۆن سلینگەر ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو هەڕەشانە گومان دەخەنە سەر دەستووری ساڵی 2005ـی عێراق کە لە ریفراندۆمێکدا پەسند کراوە و بنەمای فیدراڵیزم و مافەکانی کوردی تێدا چەسپێندراوە، راشیگەیاندووە: "تێدەگەین بۆچی هاوپەیمانەکانمان لە هەرێمی کوردستان بە قووڵی نیگەرانن، چونکە بۆ ئەوان ئەمە پرسێکی بوون و مانەوەیە؛ بۆیە داوای گفتوگۆی دەستبەجێ لە نێوان بەغدا و هەولێر دەکەین کە تەنیا لەسەر بنەمای دەستووری عێراق بێت.