دوای نزیکەی 30 ساڵ جارێکی دیکە دێربی باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت
سبەی رۆژی شەممە 28ـی نۆڤێمبەری 2026 هەردوو یانەی غازی عەنتاب سپۆر و ئامەدسپۆر، لە گەڕی سێزدەی سوپەرلیگی تورکیا و لە دێربی باکووری کوردستان و لە یاریگای عەنتاب کاتژمێر 19:00 بە کاتی هەولێر، دوای نزیکەی 30 ساڵ جارێکی دیکە رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.
هەردوو یانەکەی باکووری کوردستان بۆ جاری سێیەم و دوای نزیکەی 30 ساڵ جارێکی دیکە رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە. غازی عەنتاب میوانداری یارییەکە لە کۆی 12 یاری ئەم وەرزەی بارودۆخی باش نیە و خاوەنی 2 بردنەوە و 2 بەرامبەربوون و هەروەها 8 دۆڕانە و بە کۆکردنەوەی تەنها 8 خاڵ، ئەو یانەیە لە پلەی 16 ریزبەندی کە ناوچەی دابەزینە دێت.
هەردوو یانە دوای نزیکەی 30 ساڵ بۆ جاری سێیەم رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، هەردوو یانەکەی باکووری کوردستان جاری یەکەم لە وەرزی 1995 بۆ 1996 لە خولی پلە سێی تورکیا رووبەڕووی یەکتری بونەوە و لە هەردوو یاری یەکسانبوون.
لەلایەکی دیکەوە یانەی ئامەدسپۆر کە یەکەمجارە لە مێژوو بەشداری سوپەرلیگی تورکیا دەکات، ئەو یانەیە دوای زنجیرەیەک ئەنجامی باش و چاوەڕواننەکراو، لە دوو یاری رابردوو بەرامبەر گالاتاسارای و هەروەها ریزەسپۆر تووشی دۆڕان بووە و هەر ئەمەش وایکردووە، ئەو نوێنەرەی باکووری کوردستان بۆ پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکە دابەزێت.
بۆ ئەم یارییە لە ریزەکانی یانەی ئامەدسپۆر شەش یاریزانی ئەو یانەیە، مەترسی سزادانیان لەسەرە لە ئەگەری وەرگرتنی کارتی زەرد لەم یارییە، ئەوانیش بریتین لە ئالبا لافۆنت گۆڵپارێزی یانەکە و ئوموت مەڕاش بەرگریکاری باڵی چەپی یانەکە و فورکا سۆیالپ ناوەڕاستکاری یانەکە و ئێرمال کراسینکی بەرگریکاری راست و دیا سابای ناوەڕاستکار و هەروەها رایان راڤێلۆسۆن ناوەراستکاری یانەکە.
لومبارد دێلۆڤا بەرگریکاری ناوەڕاستی یانەی ئامەدسپۆر بەهۆی پێکان بەشداری ئەو یارییە ناکات، هەروەها بەشداری کردنی عەلی توراپ و کراسینکی هەردوو بەرگریکاری یانەکەش گومان لە بەشداری کردنیان دەکرێت، ساموئێل بالێت هێرشبەری یانەکەش بەهۆی سزادان بۆ ئەم یارییە بەردەست نابێت.