ئۆجەلان بۆ ئۆزگور ئۆزەل: نەناردنی ئەندام بۆ کۆمیسیۆنی چاودێری چارەسەر نییە

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە دیدارێکدا لەگەڵ شاندی ئیمراڵی، هەڵسەنگاندنی وردی بۆ بڕیارەکەی ئۆزگور ئۆزەل سەبارەت بە نەناردنی ئەندام بۆ کۆمیسیۆنی چاودێری کرد و هەڵسەنگاندنەکانیشی گەیەندرانە ئۆزەل. ئۆجەلان ئاماژەی بەوە دا کە فشار و گوشارەکانی سەر پارتی نوێ (یەنی پارتی) دەبینێت و جەختی کردەوە لە ناڕەزایەتی و رەخنەکانی ئۆزەلدا لایەنی رەوا هەن.

بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی (T24)، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی لەسەر پرۆسەکە درێژە بە پەیوەندییەکانی دەدات، لە رێگەی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ـیەوە پەیامێکی بۆ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی نوێ ناردووە.

ئۆجەلان بە بۆنەی بەستنی کۆنگرەی پارتی نوێ و هەڵبژاردنی بە سەرۆکی گشتی، پیرۆزبایی لە ئۆزگور ئۆزەل کردووە. هاوکات لە هەڵسەنگاندنیدا بۆ بڕیاری پارتی نوێ لەبارەی نەناردنی ئەندام بۆ کۆمیسیۆنی چاودێری، رایگەیاندووە کە لە ناڕەزایەتی و رەخنەکانی ئۆزەلدا لایەنی رەوا هەن، بەڵام نەناردنی ئەندام بۆ کۆمیسیۆنەکە نابێتە چارەسەر. ئۆجەلان روونیشی کردووەتەوە، نەناردنی ئەندام بۆ کۆمیسیۆنێکی وا گرنگ لەلایەن ئەو

پارتەوە کە کۆماری دامەزراندووە، خزمەت بە بێچارەسەری دەکات و ئاماژەی بەوەش داوە، دەکرێت ناتەواوی و کەموکوڕییەکان پێکەوە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت. هەروەها دووپاتی کردووەتەوە کە فشار و گوشارەکانی سەر پارتی نوێ دەبینێت و لە رەخنەکانی ئۆزەلدا لایەنی راست و حەق هەن.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەوەشی خستووەتە روو کە بێچارەسەریی پرسی کورد هەمیشە زەمینەی بۆ میکانیزمی کودەتا رەخساندووە. لە کۆتاییشدا وەبیری هێناوەتەوە کە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2015 دوای کۆتاییهێنان بە پرۆسەی چارەسەری روویدا و گوتی: "سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکان، نابێت هیچ پارتێک لە چارەسەر، ئاشتی، لەکارخستنی چەکەکان و راگرتنی مەرگ و کوشتن پاشەکشە بکات."

ئەم پەیامانەی ئۆجەلان لەلایەن بەرپرسانی دەم پارتییەوە گەیەندراونەتە ئۆزگور ئۆزەل. هاوکات ئۆجەلان ئاماژەی بەوەش کردووە کە دوایین پەیامی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لەبارەی پرۆسەکەوە گرنگە.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی باڵای دەم پارتی رایانگەیاندووە، ئەوانیش ئەو فشارە و گوشاری بنکەی جەماوەرییە دەبینن و لێی تێدەگەن کە رووبەڕووی پارتی نوێ بووەتەوە. بەرپرسانی دەم پارتی جەختیان لە گرنگیی مانەوەی پارتی نوێ لە ناو پرۆسەکە و ناردنی ئەندام بۆ کۆمیسیۆنەکە کردووەتەوە و ئاماژەیان بەوە داوە، سەرەڕای تێگەیشتن لە رەخنەکان، بەڵام بڕیارەکە بووەتە هۆی نائومێدی. هەروەها دووپاتیان کردووەتەوە کە بە گرتنەبەری هەڵوێستێکی بنیادنەرانە، درێژە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارتەکە دەدەن.