لە تورکیا و باکووری کوردستان لە کۆی 15 هەزار مامۆستای زمانی کوردی تەنیا 16یان دادەمەزرێن
لە تورکیا و باکووری کوردستان 15 هەزار مامۆستای نوێ دادەمەزرێن، لەو ژمارەیەش تەنیا 16 مامۆستای زمانی کوردی دادەمەزرێن.
بڕیارە لە تورکیا و باکووری کوردستان بە دوو قۆناخ 30 هەزار مامۆستای نوێ وەربگیرێن و لە قۆناخی یەکەمدا 15 هەزار مامۆستا دادەمەزرێن.
لە نێو ئەو 15 هەزار مامۆستایەی دادەمەزرێن، تەنیا 16 مامۆستای زمانی کوردی هەن؛ بە جۆرێک 15 مامۆستا بۆ شێوەزاری کرمانجی و یەک مامۆستاش بۆ شێوەزاری زازاکی دادەمەزرێت.
هاوکات کاندیدانی مامۆستایەتی دوای ئەوەی لە ناوەندی پەروەردە و پراکتیکدا جێگیر دەکرێن، دەست بە پەروەردەی ئامادەکاری دەکەن، کە لە وانە پراکتیکی و تیۆرییەکان پێکدێت.
ئەو کاندیدانەشی لە پەروەردەکەدا سەرکەوتوو دەبن، سەرەتا وەک مامۆستای گرێبەست دادەمەزرێن و دوای سێ ساڵیش دەبنە مامۆستای هەمیشەیی.
هاوکات مانگی رابردوو بۆ یەکەمجار لە مێژووی تورکیادا، مامۆستایەکی زمانی کوردی بە فەرمی لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری ئیستانبوڵ دامەزرا و دەستی بە وانەگوتنەوە کرد، ئەمەش کاردانەوەی ئەرێنیی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەم مامۆستایە بۆ قوتابخانەی ناوەندیی (سوڵتان ئالپئەرسلان) لە ناوچەی ئێسێنیورتی پارێزگای ئیستانبوڵ دەستنیشان کراوە. لە یەکەم هەنگاویدا خوێندکارەکانی ئاشنای کولتوور و زمانی کوردی کردووە و سرودی (زمانێ کوردی) بە منداڵەکان دەخوێنێتەوە.
ئەم پێشهاتە وەک هەنگاوێکی وەرچەرخان لە سیستەمی پەروەردەییدا سەیر دەکرێت و کاردانەوەی ئەرێنیی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە.
لە ساڵی 2012ـەوە، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا زمانی کوردی (کرمانجی و زازاکی) وەک وانەیەکی هەڵبژاردە بۆ پۆلەکانی پێنج تاوەکو هەشت لە پرۆگرامی خوێندندا جێگیر کردووە. سەرەڕای ئەوەی ساڵانە هەزاران خوێندکار داواکاری بۆ خوێندنی ئەم وانەیە پێشکەش دەکەن، بەڵام پرۆسەی دامەزراندنی مامۆستایانی پسپۆڕی زمانی کوردی بە فەرمی زۆر سست بووە و تەنیا ژمارەیەکی کەم لەو مامۆستایانە لە چەند شارێک دامەزراون.