شەش هەزار کەشتیوان و 300 کەشتی لە گەرووی هورمز ماونەتەوە

 رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی جەختیکردەوە، پێویستە جموجۆڵی هاتوچۆی دەریایی لە ململانێکاندا وەک کارتی گوشار بەکارنەهێندرێت، چونکە مەترسی لەسەر بازرگانیی جیهانی و گیانی هەزاران کەشتیوان دروستکردووە.

هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2026، رێکخراوەکە هۆشداریی دا لە بەردەوامیی مەترسییەکان لە گەرووی هورمز. هاوکات پشتڕاستیکردەوە، لەو کاتەوەی جەنگی ئێران دەستیپێکردووە، نزیکەی 6 هەزار دەریاوان و 300 کەشتی لە گەرووەکەدا گیریان خواردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە جموجۆڵی هاتوچۆی دەریایی کەمی کردووە و هیچ ئاماژەیەک بە چارەسەرێکی نزیکی قەیرانەکە دیار نییە.

رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی روونیکردەوە، رۆژانە تەنیا 8 بۆ 15 کەشتی بە گەرووەکەدا تێپەڕدەبن. رێکخراوەکە ئاشکرایکرد، ژمارەیەکی زۆری کەشتییەکان ناچارن سیستەمەکانی هاتوچۆ رابگرن، لە کاتێکدا هەندێک کەشتیی دیکە مەترسیی ئەوەیان لەسەرە بوونی خۆیان لە ناوچەکەدا رانەگەیەنن.

رێکخراوەکە دووپاتیکردەوە، گەرووی هورمز هێشتا مەترسییەکی گەورە لەسەر هاتوچۆی بارهەڵگرە دەریاییەکان دروستدەکات. هاوکات جەختیکردەوە، پێویستە مەلەوانانی بێتاوان ناچار نەکرێن رووبەڕووی مەترسییەکان ببنەوە.

رێکخراوەکە هۆشداریی دا دەرهاویشتەکانی قەیرانەکە تەنیا کەرتی گواستنەوەی دەریایی ناگرێتەوە، بەڵکو بۆ کەرتەکانی دیکەی جیهانیش درێژدەبێتەوە، لە نێویاندا کەرتی کشتوکاڵ. لەگەڵ بەردەوامیی پەککەوتنی جموجۆڵی بازرگانی و دابینکردنی پێداویستییەکان، رێکخراوەکە جەختیکردەوە هیچ رێگەچارەیەکی نزیک بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە نابینن.

گەرووی هورمز بە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ستراتیژییەکانی دەریایی لە جیهاندا دەژمێردرێت و کەناڵێکی سەرەکییە بۆ گەیاندنی سەرچاوەکانی وزە بە جیهان. ئەم دۆخەش وایکردووە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر هاتوچۆی دەریایی لەوێ، ببێتە مایەی نیگەرانی بۆ بازاڕەکان و کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی و بازرگانیی نێودەوڵەتی.