بانکی ناوەندیی عێراق: مانگانە 3،000 دۆلار بە گەشتیاران دەدرێت
بانکی ناوەندیی عێراق، بڕیاری دا رێگە بە گەشتیاران بدات بە درێژایی مانگەکانی ساڵ و مانگانە بە بڕی 3،000 دۆلار داواکاری بۆ وەرگرتنی دراوی بیانی پێشکەش بکەن، ئەوەش لە بری 6 جار وەک ئەوەی پێشتر پەیڕەو دەکرا.
هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: رێگە بە گەشتیاران دەدرێت بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بە مەبەستی وەرگرتنی 3،000 دۆلار لە مانگێکدا و بە درێژایی مانگەکانی ساڵ، ئەوەش لە بری 6 جار کە پێشتر کاری پێ دەکرا و بەپێی رێکار و رێنماییە پەسەندکراوەکان دەبێت.
ئەم هەنگاوەی بانکی ناوەندیی عێراق بە ئامانجی ئاسانکاریکردن دێت بۆ دەستکەوتنی پێداویستیی هاووڵاتییان لە دراوی بیانی لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە، هەروەها سنووردارکردنی پەنابردن بۆ بازاڕی هاوتەریب و پتەوکردنی سەقامگیریی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو.
هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە رێکارەکانی دڵنیابوونەوە و چاودێریی پێویست بەردەوام دەبن، بە مەبەستی مسۆگەرکردنی گەیشتنی بڕە تەرخانکراوەکان بە کەسانی شایستە.