6 ئامۆژگاریی ژاپۆنی بۆ گۆڕینی رۆتینی رۆژانە و بەدەستهێنانی وزەی بەردەوام
بە پێی ڕاپۆرتێک ماڵپەڕی یۆر ستۆری، تێکەڵکردنی شەش فەلسەفە و تەکنیکی دێرینی ژاپۆنی لە شێوازی ژیانی رۆژانەدا، یارمەتیدەرێکی کاریگەرە بۆ زاڵبوون بەسەر تەمبەڵی، رزگاربوون لە خووی دواخستنی کارەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمداری.
ماڵپەڕی یۆر ستۆری بڵاوی کردووەتەوە، ناوەڕۆکی چەمکەکانی 'ئیکیگای، کایزن، پۆمۆدۆرۆ، هارا هاچی بوو، شۆشین و وابی-سابی' یارمەتیدەرن بۆ زاڵبوون بەسەر تەمبەڵی و رزگاربوون لە خووی دواخستنی کارەکان و لە ئەنجامدا زیادکردنی بەرهەمداری.
ژاپۆن بە کەلەپوورە کولتووری و فەلسەفییە دەوڵەمەندەکەیەوە، تەکنیکە مێژووییەکان بۆ چارەکردنی راستەوخۆی ئەو گرفتانە پێشکەش دەکات؛ بە شێوەیەک تێکەڵکردنی ئەو تەکنیکە دێرینانەی ژاپۆن دەتوانێت رێبازێکی گشتگیر بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەمبەڵی و پتەوکردنی ژیانێکی بەرهەمدارتر و پڕ لە رەزامەندی دابین بکات، بەم شێوەیەی خوارەوە:
دۆزینەوەی ئامانج لە ژیاندا 'ئیکیگای'
دۆزینەوەی هۆکاری بوونی مرۆڤ، واتە 'ئیکیگای'، یارمەتیدەرە بۆ دۆزینەوەی ئەو شتەی بە راستی هانی دەدات. ئەم چەمکە بریتییە لە خاڵی یەکتربڕینی ناوازەی نێوان ئەوەی مرۆڤ خۆشی دەوێت، ئەوەی تێیدا لێهاتووە، ئەوەی جیهان پێویستی پێیەتی و ئەوەی دەکرێت لە بەرامبەریدا پاداشت بکرێت. دیاریکردنی 'ئیکیگای'ـی تایبەت بە هەر کەسێک، وزەیەکی ناوخۆیی دادەگیرسێنێت کە وای لێ دەکات هەموو رۆژێک بە جۆش و خرۆشەوە بەرەوڕووی ئەرکەکانی ببێتەوە؛ هەروەها هاندەری ناوخۆیی دەتوانێت هەستی تەمبەڵی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە کاتێک مرۆڤ بە ئامانجێکەوە ئاراستە دەکرێت.
هونەری باشترکردنی بەردەوام 'کایزن'
چەمکی 'کایزن' جەخت لەسەر گۆڕانکارییە بچووک و پلەبەندییەکان دەکاتەوە لە بری دانانی ئامانجی زەبەلاح کە زۆرجار قورس و شەکەتکەرن. لە رێگەی سەرنجخستنە سەر باشترکردنی بەردەوامەوە، دەکرێت بە هێواشی دەستکەوتی گەورەتر بەدەست بهێنرێت بەبێ هەستکردن بە قورسایی و بارگرانی. سروشتی تەکنیکی 'کایزن' کە دەکرێت بە هەنگاوی جێگیر کۆنترۆڵ بکرێت، رێگە بە پێشکەوتن دەدات و رێگری لە دواخستنی کار و ئەرکەکان دەکات.
کارامەیی لە بەڕێوەبردنی کاتدا 'پۆمۆدۆرۆ '
تەکنیکی 'پۆمۆدۆرۆ' لە ئیتاڵیا سەری هەڵداوە بەڵام لە ژاپۆن بە شێوەیەکی بەرفراوان پەیڕەو کراوە؛ ئەم تەکنیکە لەسەر بنەمای کارکردن بە کۆمەڵێک هەوڵی چڕ و بەدوایدا وەرگرتنی پشووی کورت بونیاد نراوە. تەکنیکەکە هانی کارکردن لە ماوەی 25 خولەکیدا دەدات، کە بە پشووی 5 خولەکی لە یەکتر جیا دەکرێنەوە. ئەم ریتمە رێکخراو و بەردەوامە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی ئاستی بەرزی سەرنج و بەرهەمداری و هاوکات ڕێگری لە ماندووبوون و تەمبەڵی دەکات.
خواردنی هۆشیارانە بۆ وزەی بەردەوام 'هارا هاچی بو'
دەستەواژەی 'هارا هاچی بو' بە مانای 'نان بخۆ تا بە رێژەی 80% تێر دەبیت» دێت. لە رێگەی خۆپاراستن لە زیادەڕۆیی لە خواردندا، دەکرێت مرۆڤ خۆی لەو خاوبوونەوە و سستییە بپارێزێت کە زۆرجار پەیوەستە بە تێربوونی زۆرەوە. پەیڕەوکردنی خواردنی بە ئاگایانە و هاوسەنگ ئاستێکی جێگیر لە وزە مسۆگەر دەکات، کە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی بەرهەمداری بە درێژایی رۆژ.
پەیڕەوکردنی عەقڵییەتی کەسی سەرەتا 'شۆشین'
تەکنیکی 'شۆشین' یان 'عەقڵی کەسی سەرەتا'، واتە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەرکەکان بە چاوێکی نوێ و دڵێکی کراوەوە، بەبێ گوێدانە ئاستی ئەزموون و شارەزایی. چەمکی 'شۆشین' هانی عەقڵییەتی زانینخوازی و خواستی فێربوون دەدات، ئەمەش وا دەکات پرۆسەی کارکردن سەرنجڕاکێشتر بێت و ئەگەری دروستبوونی دواخستن و تەمبەڵی کەمتر بکاتەوە.
قبووڵکردنی کەموکوڕییەکان 'وابی-سابی'
چەمکی 'وابی-سابی' بە واتای قبووڵکردن و بەرزنرخاندنی لایەنە ناتەواو و کەموکوڕییەکان دێت. لە رێگەی وازهێنان لە گەڕان بە دوای تەواوێتییەکدا کە بەدەستهێنانی ئەستەمە، مرۆڤ دەتوانێت عەقڵییەتێکی تەندروستتر و ئاراستەکراو بەرەو کردار دروست بکات. فەلسەفەی 'وابی-سابی' هانی هەنگاونان و جێبەجێکردن دەدات، هەرچەندە ناتەواویش بێت، لە بری خۆبەدەستەوەدان بە چەقبەستن بەهۆی شیکردنەوەی زیاد لە پێویستەوە.