ترەمپ: رێگری لە چەکی ئەتۆمیی ئێران ئەرکی ئەمریکایە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێگریکردن لە ئێران بۆ دەستخستنی چەکی ئەتۆمی، بەشێکی سەرەکیی ئەرکی سەربازیی ئەمریکایە.

هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا ستایشی هێزەکانی ئەمریکای کرد بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی وڵاتەکە و نەوەکانی داهاتوو. دۆناڵد ترەمپ هاوکات روونیکردەوە، سەرکەوتن بەسەر ئێراندا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ روونیکردەوە، ئێران هێشتا دەرفەتی ئەوەی لەبەردەستدایە دانوستان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بکات و ژیانی خەڵک رزگار بکات. هاوکات سەرۆکی ئەمریکا گومانی خستە سەر ئەوەی ئایا سەرکردەکانی ئێران ئەو هەنگاوە دەنێن یان نا.

دۆناڵد ترەمپ جەختیکردەوە، دەبێت ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و رێگریکردن لەو هەنگاوەی تارانیش تەنیا لە دەسەڵاتی واشنتندایە.

ئەم قسانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە هات، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی ئاشکرای کرد، قەتەر و پاکستان لە نێوەندگیرییەکانیان بەردەوامن و بە تایبەت لە گەیاندن و ئاڵوگۆڕی پەیام و پێشنیازەکانن، بەڵام کردنەوەی گەرووی هورمز و رێککەوتنی کۆتایی پەیوەستە بە مەرجەکانی جێبەجێکردنی خاڵەکانی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد.

عێراقچی ئاشکرای کرد، کۆمەڵێک پیشنیاز و بۆچوون خراونەتەڕوو و لە لێکۆڵینەوەدان. گوتیشی:"بە بڕوای من دەکرێت رێگەکان بکرێنەوە، بەڵام هەڵوێستی بنەڕەتیی ئێمە نەگۆڕاوە. ئێمە کۆمەڵێک داواکاریمان هەیە؛ دەبێت ئەو داواکارییانە بە کردار جێبەجێ بکرێن، بۆ ئەوەی گەرووی هورمز بکرێتەوە و دواجار لە رێگەی دانوستاندنەوە رێککەوتنی کۆتایی بکرێت."

وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بە قسەیەکی رێبەری پێشووی وڵاتەکەی کە گوتوویەتی: "ئەو کارەی وەزارەتی دەرەوە لەبارەی دانوستانەوە دەیکات، لەوانەیە 1%ـی ئەرکەکانی وەزارەتەکەش نەبێت"؛ رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی تەنیا بیری لە دانوستان نەکردووەتەوە، بەڵکو لە ژێر چاودێریی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، دانوستان بەشێکە لە کارەکانمان و لەبیرمان نەکردووە، بەڵام لە دۆخەدا، ئەرکی گرنگ ئەوەیە سزا و گەمارۆکان تێکبشکێنین و دوژمنان لە فشارەکانیان بێ هیوا بکەین."

عێراقچی باسی لەوەش کردووە، بەردەوامن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکانی ئێران، بۆ ئەوەی رێگە بازرگانییەکان و دابینکردنی کاڵا پێویستەکان  کراوەیی بمێنێتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک ناوبرد کە "گەمارۆکان چۆک بە کۆماری ئیسلامی دانانێن".

https://x.com/TruthTrumpPost/status/2126389004283396604?a=Ek8trJEuB1rWNgklO6U&s=20