محەمەد موخبیر: گەرووی هورمز ناکرێتەوە
محەمەد موخبیر، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی گەرووی هورمز ناکاتەوە، جەختیشی کردەوە، رێگە نادەن گەمارۆکان بەردەوام بن.
پێشتر ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی سوپای ئێران فەرمانی بە شەهرام ئێرانی، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپا کرد، گەرووی هورمز زیاتر دابخەن، بەو پێیەی بە گوتەی ئەو "هێزێکی جیۆپۆلیتیکی و بەشێکی دانەبڕاوە لە سیستەمی هێزی تاران".
حاتەمی کردنەوەی گەرووەکەی بە جێبەجێکردنی حەوت مەرجەکەی ئێرانەوە بەستەوە و هەڕەشەی کرد، ئەگەر ئەو مەرجانە جێبەجێ نەکرێن، "رۆژ بە رۆژ زیاتر دادەخرێت، ئەمەش دۆخەکە بۆ دوژمن سەختتر دەکات".
فەرماندەی سوپای ئێران هەروەها هۆشدارییدا: "ئەگەر دوژمن گەمژەییەکی نوێ بکات"، ژێرخانی وڵاتەکەی بە شێوەیەک وێران دەکرێت کە لە ئاستی تێگەیشتندا نەبێت.
سەبارەت بە ئامادەییی سەربازیش، تاران لە رێگەی بەرپرسانییەوە دووپاتی دەکاتەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران وەڵامی هەر ئاستێکی هەڕەشە دەدەنەوە بە هەر جۆرێک بێت، وەڵامەکەش دەستبەجێ و کاریگەر دەبێت و هیچ سنوورێکی جوگرافیی نابێت.
تاران ئۆپەراسیۆنی هێرشبەری و بەرگری دژی کەشتی و فڕۆکە ئەمریکییەکان دەست پێکردووە، هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی لە داخستنی گەرووی هورمز وەک وەڵامێک بۆ دەستدرێژی و دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بە جۆرێک ئەو کەشتییانە دەکاتە ئامانج کە بە هاندانی ئەمریکا هەوڵ دەدەن بە پێچەوانەی رێنماییەکانی تاران بە گەرووەکەدا تێپەڕن.