تاران هۆشداریی دەداتە بەغدا
راوێژکار و یاریدەدەری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە هەنگاوە سنوورییەکانی ئەم دواییەی حکوومەتی عێراق، داوای لە بەغدا کرد لە پرسی سنوورەکاندا وریا بێت و نەبێتە ئامرازی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ.
ئەمڕۆ شەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد موخبیر راوێژکار و یاریدەدەری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، جەختیکردەوە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا، هاوچارەنووسی لەگەڵ دراوسێکان بنەمایەکی ریشەییە. هەر ئەوەش هۆکار بوو ئێران لە سەختترین رۆژەکاندا بە هەموو توانایەوە لە تەنیشت گەلی عێراق مایەوە و دۆستایەتیی خۆی سەلماند.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، موخبیر جەختیکردەوە لە پێویستیی وریایی بەغدا و رایگەیاند: "ئەم پەیوەندییە نەپچڕاوە وا دەخوازێت بەغدا لە پرسی سنوورەکاندا وریا بێت، بۆ ئەوەی نەبێتە ئامرازی دەستی دوژمنانی ئیسلام و بەدەنگەوەهاتنی سیاسەتەکانی ترەمپی تاوانکار".