کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کۆتاییهات
ئەمڕۆ شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی لە سلێمانی کۆتاییهات.
بەپێی زانیارییەکانی هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەڕێوەچوو کۆتاییهات و تێیدا بڕیار لەسەر پێکهێنانی دوو لیژنەی یاسایی و سیاسی و ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی دیالۆگی نیشتمانی درا.
دەستپێشخەری و هۆکاری کۆبوونەوەکە
هاوژین جەمال لە زاری سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە گواستییەوە کە کۆبوونەوەکە بە دەستپێشخەریی چەند بەرپرسێکی باڵای هەردوولا ساز کراوە. بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، هۆکاری سەرەکیی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە لەم کاتەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرپرسانی باڵای هەردوولا هەستیان بە مەترسی کردووە؛ بەو پێیەی حکوومەتی عێراق جگە لەو خاڵانەی لە رێگەی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانەوە تایبەت بە هەرێمی کوردستان بڵاوی کردوونەتەوە، هەنگاوی زۆر زیاتری بەدەستەوەیە بەرامبەر هەرێم، بەڵام هێشتا راینەگەیاندوون.
ئامانجی کۆبوونەوەکە ئەوە بووە کە هەردوولا بتوانن بۆ کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، دیالۆگی نیشتمانی، بە یەک گوتار و یەک وەرەقەی سیاسیی کوردی بەشداری بکەن. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 هەردوو حزب ئامادەکاریی تەواویان کردووە و رەنگە نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بەشداریی کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممە بکەن، بەڵام هێشتا بەشداریکردنی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، یەکلا نەبووەتەوە.
پێکهێنانی دوو لیژنە
هاوژین جەمال ئاماژەی پێ دا، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری پێکهێنانی دوو لیژنە دراوە:
1- لیژنەی یاسایی: لە کەسانی پسپۆڕی دەستووری و یاسایی پێکدێت بۆ وەڵامدانەوەی سەرجەم ئەو خاڵانەی حکوومەتی عێراق بەنیازە بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێیان بکات و خاڵ بە خاڵ نایاساییبوونیان ڕوون بکاتەوە.
2-لیژنەی سیاسی: لە بەرپرسانی باڵای هەردوو حزب پێکدێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق. ئەگەری هەیە دوای کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممە، شاندێکی هاوبەش لە ئەندامانی ئەم لیژنەیە سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان گفتوگۆ بکات.
بە گوتەی سەرچاوەکە، هەردوولا کۆکن لەسەر ئەوەی ئەو خاڵ و بڕیارانەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەرکراون، جەوهەرێکی سیاسییان هەیە و تەنها بەرگێکی یاساییان بەسەردا کراوە، بۆیە دەیانەوێت هەم بە شێوەی سیاسی و هەم بە یاسایی بۆ حکومەتی عێراقی بسەلمێنن کە ئەو هەنگاوانە بە تەواوی نادەستووری و نایاسایین.