ناتانیاهۆ دەیەوێت ئایزنکۆت بۆ نیو خول ببێتە سەرۆکوەزیران
بنیامین ناتانیاهۆ، لە پەیامێکدا رایگەیاند، بە هۆی قووڵیی مەترسییەکان بۆ سەر بوونی ئیسرائیل رازییە بنەمای گەورەترین پارت وەلا بنێت و گادی ئایزنکۆت لە سەرەتای خولەکەدا ببێتە سەرۆکوەزیران و خۆی پۆستی سەرۆکوەزیرانی جێگر وەربگرێت واتە حکوومەتی نۆبەدارە پێکبهێنن، هاوکات داوای دەستپێکردنی دەستبەجێی دانوستانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی یەکێتیی نیشتمانی کرد.
شەممە 28ی تشرینی دووەمی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل لە پەیامەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: سەرباری ئەوەی پارتی لیکود بە سەرۆکایەتیی ئەو گەورەترین پارتی وڵاتە و بە جیاوازیی چارەکە ملیۆنێک دەنگ لە پێش پارتەکەی ئایزنکۆتەوەیە و بە شێوەیەکی سروشتی دەبوو خۆی سەرۆکایەتیی حکوومەتی یەکێتی بکات یان یەکەم بێت لە خولی سەرۆکایەتیدا، بەڵام بەرپرسیارێتییەکەی وا دەخوازێت رێک بکەوێت لەسەر ئەوەی حکوومەتی نۆبەدار پێکبهێنن و ئایزنکۆت لە نیوەی خولی یەکەمدا ببێتە سەرۆکوەزیران.
ناتانیاهۆ گوتی: چاوەڕوانم لە ژێر رۆشنایی ئەم رەزامەندییەی مندا، دەستبەجێ دانوستانی راستەقینە، دڵسۆزانە و خێرا دەستپێبکەین کە تێیدا لایەنی بەرامبەریش ئامادەی سازان و نەرمی نواندنی هاوشێوە بێت، بۆ پێکهێنانی حکوومەتی یەکێتیی نیشتمانی.
هاوکات ناتانیاهۆ بە توندی رەخنەی لە پارتە عەرەبییەکانی ناو پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) گرت، بە تایبەت پارتی رەعم و لیستی هاوبەش و پەرلەمانتار ئەیمەن عۆدە، و تۆمەتباری کردن بە رێگریکردن لە پڕۆژەیاسایەک لە چوارشەممەی رابردوودا بۆ نەگەڕاندنەوەی تەرمی تیرۆریستان بۆ بنەماڵەکانیان و نانەوەی ئەو دیمەنانەی لە کنێستدا بە شۆکهێنەر ناوی بردن.
بانگەشەی ئەوەشی کرد کە ئەو لایەنانە هەوڵ دەدەن بێ تەقاندنی یەک فیشەک دەست بەسەر وڵاتدا بگرن و دەوڵەتێکی فەلەستینیی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە دابمەزرێنن، بۆیە داوای کۆکردنەوەی هەموو ئەو پارتانەی کرد کە ئیسرائیل وەک دەوڵەتی نەتەوەیی گەلی جوولەکە دەبینن.