سعوودیە چەند مووشەکێکی بالیستیی حووسییەکان تێکدەشکێنێت

هاوپەیمانیی بە سەرکردایەتیی سعوودیە رایگەیاند، مووشەکێکی کرووزیان تێکشکاندووە ئاراستەی ریازی پایتەخت کرابوو، هەروەها چەند مووشەکێکی بالیستییان لە ناوچەی باشووری وڵاتەکە لەناوبردووە. ئەم راگەیەندراوە لەکاتێکدایە میدیاکانی سەر بە حووسییەکان باس لە هێرشی ئاسمانیی سعوودیە بۆ سەر سەنعا دەکەن.

شەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2026، هاوپەیمانییەکە بۆ پشتگیریکردنی حکوومەتی یەمەنی دانیپێدانراوی نێودەوڵەتی کار دەکات، دوای نوێبوونەوەی ململانێکان لە یەمەن بەردەوام هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانی نزیک لە ئێراندا. لە بەرامبەردا حووسییەکان رۆژانە ناوچە نەوتییەکانی سعوودیە دەکەنە ئامانج و هێرشەکانیان دامەزراوەکانی وزە، فڕۆکەخانەکان و ناوچە داراییەکانی ریازی گرتووەتەوە.

 تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسی: "تێکشکاندن و لەناوبردنی مووشەکێکی کرووز لەلایەن میلیشیای حووسییەوە ئاراستەی ریاز کرابوو". دوای چەند کاتژمێرێک مالیکی ئاشکرایکرد، بەرگریی ئاسمانی دوو مووشەکی دیکەی بالیستیی تێکشکاندووە لەلایەن هەمان میلیشیاوە بەرەو ناوچەی باشوور هاوێژرابوون، ئەمەش دوای ئەوە هات پێشتر هەواڵی تێکشکاندنی مووشەکێکی دیکە لە هەمان ناوچە راگەیەندرا.

بەهۆی ئەو هێرشانەوە، شەممە بەرگریی شارستانیی سعوودیە لە جازان، خەمیس موشەیت و ئەبها لە باشووری وڵاتەکە هۆشداریی مەترسییان بڵاوکردەوە، دوای چەند خولەکێک هۆشدارییەکە هەڵگیرا.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی سەبئای سەر بە حووسییەکان رایگەیاند، هێرشێکی سعوودیە سەنعای کردووەتە ئامانج. ئاژانسەکە لە رێگەی تێلێگرامەوە بڵاویکردەوە، بەهۆی ئامانجگرتنی گەڕەکی بیر ئەبو شەملە لە بەڕێوەبەرایەتی تەحریر لە سەنعا، هەشت خانووی نیشتەجێبوون و سێ دووکانی بازرگانی زیانیان پێگەیشتووە. بەپێی کەناڵی مەسیرەی سەر بە حووسییەکان، هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی 13 کەس.

هەروەها شەممە کەناڵی مەسیرە رایگەیاند، هێزی ئاسمانیی سعوودیە وێستگەیەکی غاز لە گوندی بەیت شەعبی لە بەڕێوەبەرایەتی بەنی مەتەر لە رۆژئاوای پارێزگای سەنعا و وێستگەیەکی کارەبای لە موخا لە پارێزگای تائیز کردووەتە ئامانج.

ململانێکانی یەمەن لە مانگی تەممووزدا دوای هەرەسێنانی ئەو ئاگربەستەی لە ساڵی 2022ـوە لە نێوان حووسییەکان و حکوومەتدا هەبوو، نوێ بووەوە و ئەمەش بەرەیەکەی نوێی لە شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە. حووسییەکان لە مانگی ئەیلوولدا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە رۆژئاوای پارێزگای تائیز و کەناراوەکانی رۆژئاوای وڵاتەکە تا گەیشتن بە گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب فراوانتر کرد.