فەرهاد ئەترووشی: یەکڕیزیی کورد مەرجی سەرەکیی چارەسەری کێشەکانە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، یەکخستنی هەڵوێستی کورد بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بەهێزکردنی هاوبەشیی نیشتمانی و چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان لە رێگەی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا.
شەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پێشوازیی لە دەرەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ستایشی ئەو لێکتێگەیشتنە بونیاتنەرانەی کرد لە کۆبوونەوەکەدا بەدەستهاتوون و جەختیشی لەسەر گرنگیی یەکخستنی دیدگە و هەڵوێستەکان سەبارەت بە پرسە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی هەرێمی کوردستان کردەوە.
بە گوتەی ئەترووشی، یەکڕیزی و یەکخستنی هەڵوێستی کوردی هەنگاوێکی ناوەندییە بەرەو چەسپاندنی هاوبەشیی نیشتمانی. ئەو جەختیکردەوە، ئەم یەکڕیزییە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان و یەکلاییکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا دەبێت.
چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور و لە رێگەی دیالۆگی سیاسیی بەرپرسانەوە بێت، بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری دادپەروەرانە و بەردەوام، کە لە بەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراقدا بێت و پایەکانی سەقامگیریی سیاسی و دامەزراوەیی لە سەرانسەری وڵاتدا پتەوتر بکات.