ئۆپێک پڵەس پابەندبوونی ئەندامانی بە سەقامگیریی بازاڕی نەوت دووپاتدەکەنەوە
حەوت وڵاتی ئەندام لە گرووپی ئۆپێک پڵەس کە پێکدێن لە سعوودیە، رووسیا، عێراق، کوەیت، کازاخستان، جەزائیر و عومان، کۆبوونەوەیەکیان لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە کرد بۆ پێداچوونەوە بە پێشهاتەکانی بازاڕی نەوت و ئاسۆی داهاتوو، هاوکات بڕیاریاندا، کار بۆ سەقامگیریی بازاڕی نەوت بکەن.
یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ئەو حەوت وڵاتەی پێشتر لە مانگەکانی نیسان و تشرینی دووەمی 2023دا گۆڕانکاریی خۆبەخشانەی زیادەیان راگەیاندبوو، هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی ئێستای بازاڕی نەوت کرد و جەختیانکردەوە لە رۆڵی سەرەکیی «راگەیاندنی هاوکاری» کردەوە لە پشتیوانیکردنی سەقامگیریی بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا. لەم چوارچێوەیەشدا، رایانگەیاند، گرنگییەکی زۆری پاراستنی رێڕەوەکانی کەشتیوانیی دەریایی نێودەوڵەتی کرد بە شێوەیەک کە رۆیشتنی بەردەوام و نەپچڕاوی دابینکردنی وزە مسۆگەر بکات.
وڵاتە بەشداربووەکان نیگەرانیی خۆیان لەبارەی ئەو هێرشانە دەربڕی ژێرخانی وزە دەکەنە ئامانج، رایانگەیاند، گەڕاندنەوەی دامەزراوە زیانلێکەوتووەکانی وزە بۆ تەواوی توانای کارکردنیان پرۆسەیەکی تێچووبەرزە و کاتێکی زۆری دەوێت، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر بەردەستبوونی دابینکردنەکان بە گشتی دادەنێت. لەسەر ئەم بنەمایەش، حەوت وڵاتەکە جەختیان کردەوە کە هەر کارێک ببێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی دابینکردنی وزە، چ لە رێگەی بەئامانجگرتنی ژێرخان یان پەکخستنی رێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەکانەوە بێت، هەڵبەزودابەزی بازاڕ زیاد دەکات و هەوڵە هاوبەشەکان لە چوارچێوەی «راگەیاندنی هاوکاری»دا لاواز دەکات کە پشتیوانیی سەقامگیریی بازاڕەکان دەکەن و سوودیان بۆ بەرهەمهێنەران، بەکارهێنەران و ئابووریی جیهانی هەیە.
هەروەها حەوت وڵاتەکە ئەوەیان خستووەتەڕوو کە بەردەوامبوونی پەککەوتنی رۆیشتنی دابینکردنەکانی وزە و بەرزبوونەوەی تێچووەکانی گواستنەوەی دەریایی و بیمە - کە هێشتا لە ئاستێکی بێوێنەدان و لە یەک لەسەر سێی بەهای کاڵاکە تێپەڕ دەبن — رێگرن لەبەردەم گواستنەوەی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان بە کارایی پێویست و لە کاتی گونجاودا، هاوکات گوشاری هەڵاوسانی زیاتر دەخەنە سەر ئابووریی جیهانی.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە وڵاتان بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی پێشهاتەکان و پەیوەندیکردن لەگەڵ حکوومەتی وڵاتە کاریگەربووەکان - لە نێویاندا وڵاتانی بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەر - و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرتی وزە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی وزە و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، بە مەبەستی باشترکردنی دۆخی گواستنەوەی دەریایی لەسەر ئاستی جیهان، هاوکات حەوت وڵاتەکە لە رێگەی لیژنەی چاودێریی وەزاریی هاوبەش (JMMC)ـەوە بەردەوام دەبن لە راوێژکردن و چاودێریکردنی پێشهاتەکانی بازاڕ.