وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایدەگەیەنێت، بنکەی ئاسمانیی عودەید، کە هێزەکانی ئەمەریکای تێدایە، بە مووشەکی بالیستیی ئێران کراوەتە ئامانج، هاوکات دەزگای ئاسایشی ئەو وڵاتە تۆڕێکی سیخوڕیی سەر بە تارانی هەڵوەشاندەوە.
وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایگەیاند، لە چوارچێوەی پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە و وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، دوو مووشەکی بالیستی ئاراستەی خاکی قەتەر کراون.
وەزارەتەکە روونیکردۆتەوە، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە یەکێک لە مووشەکەکان لە ئاسمانەوە پووچەڵ بکەنەوە و بیخەنە خوارەوە، بەڵام مووشەکەکەی دیکە بەر بنکەی ئاسمانیی عودەید کەوتووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی بەدوادا نەهاتووە، سەرەڕای ئەوەی بنکەکە گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمەریکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە لایەکی دیکەوە و هاوکات لەگەڵ هێرشە مووشەکییەکان، ئاژانسی هەواڵی قەتەر (QNA) بڵاوی کردەوە، دەزگای ئاسایشی دەوڵەت سەرکەوتوو بووە لە ئاشکراکردن و هەڵوەشاندنەوەی دوو شانەی سیخوڕی لە وڵاتەکەدا.
ئاژانسەکە پشتڕاستی کردۆتەوە کە ئەندامانی ئەو دوو شانەیە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بوون و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.