ماڵپەڕی "سپا نیوز" کە زمانحاڵی فەرمیی سوپای پاسدارانی ئێرانە، رایگەیاند کە هێزەکانیان لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تاوەکوو ئێستا توانیویانە 111 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) هێزە دوژمنەکان تێکبشکێنن. بەپێی راپۆرتەکە، سوپای پاسداران توانیویەتی درۆنێکی پێشکەوتووی جۆری (MQ-9) لە ئاسمانی پارێزگای فارس و فڕۆکەیەکی دیکە لە تەورێز بخاتە خوارەوە، بەوەش کۆی گشتیی درۆنە تێکشکێنراوە جۆراوجۆرەکان گەیشتووەتە 112 دانە.
راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران وردەکاریی زیاتری بڵاونەکردووەتەوە دەربارەی ئەوەی چەندی لەو درۆنانە لە جۆری هەرزان و "خۆکوژ" بوون و چەندیشیان لە جۆری پێشکەوتوو و فرەبەکارهێنانی وەک (MQ-9) بوون، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە سیستەمە بەرگرییەکانیان بەردەوامن لە چاودێریکردنی ئاسمانی وڵات و بەرپەرچدانەوەی هەر ئامانجێکی تەمومژاوی.