جۆن كێری: ھەڵسوكەوتی ھەندێ لە بەربژێرە كۆمارییەكان بووەتە شەرمەزاریی بۆ ئەمریكا
"ھەندێ بەربژێر بوونەتە جێگەی شەرمەزاریی بۆ ئەمریکا و کۆمەڵگاکەمان"
K24 – ھەولێر:
جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند وڵاتانی جیھان تووشی شۆک بوون لە بینینی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانی پارتی کۆمارییەکان و ئاشکراشی کرد ھەندێ لە ھەڵسوکەوتی بەربژێرە کۆمارییەکان بووەتە ھۆی شەرمەزاریی بۆ ئەمریکا.
لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سی بی ئێسی ئەمریکی، کێری رایگەیاند: بۆ ھەر شوێنێک دەچێت و ھەر سەرکردەیەک دەبینێت، یەکەم پرسیاریان ئەوەیە چی لە پڕۆسەی سیاسی ئەمریکا روودەدات و دەپرسن بۆچی کۆمارییەکان ئەوەندە لێدوانی توند و نابەپرسیاریانە دەدەن سەبارەت بە موسڵمانان و پەنابەران.
ھەروەھا کیری دەشڵێت: بەو پرسیارانە ئاراستەی من دەکرێن لە وڵاتان سەبارەت بە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان، ئاشکران کە ئەو ھەڵمەتە و ھەندێ بەربژێر بوونەتە جێگەی شەرمەزاریی بۆ ئەمریکا و کۆمەڵگاکەمان.
کێری بە راستەوخۆ ناوی دۆناڵد ترەمپی بەربژێری پێشڕەوی کۆمارییەکانی نەھێنا، بەڵام زۆربەی قسەکانی بۆ ترەمپ بوون کە لەمیانەی ھەڵمەتەکەیدا ھێرشی توندی کردووەتە سەر موسڵمانان، پەنابەران و زۆربەی سەرکردە و بەرپرسانی دیموکراتەکان.